کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵبژاردنەکان و ئەو پرسیارانەی خەڵک هەیانە!

01:31 - 10 رەشەمه 2723

مەنسوور مروەتی

ڕۆژی جومعە ١١ی ڕەشەمە دوو هەڵبژاردن بۆ مەجلیسی شۆرای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگانی ڕێبەری لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بەڕێوە دەچێ. ئەوەی دیارە بەیانی زیاتر لە ململانێیەکی توندی نێوان خەڵک و دەسەڵاتداران و پیاوەکانی کۆماری ئیسلامی دەچێ هەتا هەڵبژاردن. چونکە لەمێژە خەڵک بڕیاریان داوە ١١ی ڕەشەمە دیسان بە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان بە دنیا بڵێن ئەم حکوومەتە سەرکوتکەرە مرۆڤکوژە نوێنەری ئەمان نییە و لەلای خەڵکی ئێران بە هەموو نەتەوەکانیەوە هیچ شەرعیەتێکی نەبووە و نییە. لەولاشەوە کۆماری ئیسلامی کە جگە لە هێزی سەرکوت هیچ هێز و نفووزێکی لە نێو خەڵکدا نەماوە، لە هەوڵی ئەوەدایە بەهەر فرت و فێڵێک بووە خەڵک بهێنێتە سەر سندووقەکان، تا بەڵکوو لەو ڕێگایەوە حەیای ڕژاوی خۆی کۆ بکاتەوە؛ کارێک کە زیاتر لە مەحاڵ دەچێ.

گەورەترین پرسیاری خەڵک ئەم ماوەیە ئەوە بووە کە بۆچی ڕەئی بدەین؟ بۆ مەگەر ڕەئیدانی کەم و زۆر لە ٤٥ ساڵی ڕابردوودا چ دەسکەوتێک و چ خێروبێرێکی بۆ خەڵکی ئێران هەبووە؟ ئەوەی هەڵبژاردنەکان لە ئێراندا بە هیچ پێوەرێکی دێموکراتیک بەڕێوە ناچێ و جگە لە خۆیان هیچ کەس و لایەنی دیکە بۆی نییە بەشداری هەڵبژاردن بکا با لە لایەک بمێنێ، بەڵام ئایا هەر ئەم پاوانخوازنە توانیویانە لە ماوەی ٤٥ ساڵدا کەمترین پێشوەچوون و ئاسایش لە ژیانی خەڵکدا پێک بێنن؟ بۆچی چارەنووسی یەکێک لە دەوڵەمەنترین وڵاتانی سەرگۆی زەوی گەییشتووەتە جێگایەک ئەوڕۆ پارەی وڵاتەکەی بێ‌قیمەتترین پارەی دنیا و ژیانی خەڵکەکەی بە ڕۆژێک گەیشتووە لە جیاتی سفرەی ڕازاوە سەر لە زبڵدانەکانەوە دەردێنن؟

پاش ٤٥ ساڵ دەسەڵاتدارەتیی کۆماری ئیسلامی چارەنووسی خەڵک وەهای لێ هاتووە ڕێژەیەکی کەمی سەناخوان و ماستاوچیی دەروبەری ڕێژیم و بەیتی خامنەیی کە بە میلیاردها میلیارد پارەی دزیەتی ژیانێکی خەیاڵییان بۆ خۆیان دروست کردوە، باقی خەڵکەکە بۆ نانی شەو موحتاجە و لە سایەسەری ئەم ڕژیمەوە ئەوڕۆ بێکاری و هەژاری و نەداری و ئیعتیاد و دەیان و سەدان دەردی دیکە بڕستی لە ژیانی میلیۆنان بنەماڵەی ئێرانی بڕیوە و هیچ چارەسەرێکیان پێ نییە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژیش بەرەو خراپتر بوون دەڕوا. لەم نێوەشدا نوێنەرانی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی نەک نوێنەری خەڵک نەبوون و لە دەرد و مەرگی خەڵکیان نەپرسیوەتە، بەڵکوو خۆیان شەریکە دز و مافیاکانی سپای پاسداران بوون بۆ تاڵانکردن سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران و لە سەرکوتی خەڵکی بێ دەرەتانیشدا هەنگاوێک لە پێش هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیمی ئیسلامی ئێرانەوە بوون. دەی ئەگەر دۆخەکە پاشی ٤٥ ساڵ وەهایە، خەڵک حەقیەتی پرسیار بکا، بۆچی ڕەئی بدەن و بۆچی بەشداریی ئەم هەڵبژاردنانە ببن؟

ئێستا با ٤٥ ساڵی ڕابردوو و کارنامەی پڕ لە جەور و جینایەتی حکوومەت لە لایەک دانێین و باسی ئەم دوو ساڵەی دوایی و بەتایبەتی شۆڕشی ژینا بکەین.

لەم ناڕەزایەتییانەی یەک ساڵ و نیوی ڕابردوودا کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕژیم بە سەدان و هەزاران کچ و کوڕی ئەم وڵاتەیان لە شەقامەکان و لە نێو زیندانەکان خەڵتانی خوێن کرد، ئایا یەک نوێنەری مەجلیس متەقی لێوە هات؟ ئایا وەکوو نوێنەری خەڵک بە دەوڵەت و هێزە سەرکوتکەرەکانیان گوت، مەکەن و منداڵی خەڵک مەکوژن؟ نا، نەه هەر ئەمەیان نەگوت و نەکرد، بەڵکوو ٢٢٧ نوێنەری مەجلیس بە کۆکردنەوەی ئیمزا داوایان لە حکوومەت کرد ناڕازیان و دەسبەسەرکراوان ئێعدام بکەن. کارەسات ئا لێرەدایە. دەی خۆی زۆربەی کاندیداکانی ئێستا هەمان نوێنەرەکانی ئێستا و پێشووی مەجلیسن، دەی ئەگەر وایە بە چ ڕوویەکەوە دێن داوای رەئی لە خەڵک دەکەن؟ بە چ ڕوویەکەوە چاو لە چاوی ئەو بنەماڵە و ئەو دایک و باوکانە دەکەن کە هەر ئەم بەناو نوێنەرانە داوای ئیعدام کردنی ڕۆڵەکانیان کردبوون؟ کوا لەم یەک‌ساڵ و نیوەی ڕابردوودا کوا لە کوێ بوون نوێنەرانی مەجلیس و ئەوانەی ئێستا خۆیان بۆ ئەم مەجلیسە لە دەسک‌ناوە؟

خۆ هێشتا خوێنی کچان و کوڕانی شەهید و برینداری شۆڕشی ژینا بەسەر شەقامەکانەوە وشک نەبووەتەوە، و دایکان و باوکانی ئازا بەڵام دڵبرینداری وڵات هێشتا کراسە ڕەشەکەیان لەبەر دانەکەندووە. لەم دۆخەدا ئایا ئیتر هەڵبژاردن و ڕەئیدان و نوێنەر و هەڵبژاردنی نوێنەر و مەجلیس هیچ مانایەکی بەلای خەڵکەوە هەیە؟ بێگومان نا. ڕۆژی جومعە خەڵک بەتێکڕا بە بێدەنگی و بە بایکۆتی هەڵبژاردنەکان، بە شکۆیەکی تەواوەوە ئەو "نا"گەورەیە بە کۆماری ئیسلامی دەڵێنەوە. بەیانی خەڵكی ئێران بۆ جارێکی دیکە بە دنیا دەڵێنەوە، ئەم ڕێژیمە دز و گەندەڵ و ئینسانکوژە لە لای ئێمە هیچ ڕەوایی و شەرعیەتێکی نەبووە و نەماوە.