کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرەتای کۆتایی هێژمۆنیی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست

00:36 - 16 رێبەندان 2723

تاهیر قاسمی

 لە ساڵانی کۆتایی سەرکۆماریی ئۆبامادا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەپێناو ڕێگری لە تەشەنەکردنی چین، گۆڕانی بەسەر سیاسەتی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هێنا. لەم سۆنگەیەدا تا ڕادەیەکی زۆر تەنکەی بە هێزەکانی خۆی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد و قورسایی سەربازیی خۆی بەرەو ئاوەکانی ئۆقیانووسی ئارام و دەریای زەرد گواستەوە. هەر لەو ساڵانەدا بوو کە ڕاپەڕین و خۆپێشاندانەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی یەک لە دوای یەک وڵاتانی باکووری ئەفریقا و ناوچەکەی گرتەوە و لە زۆرێک لەو وڵاتانی عەرەبیدا دەسەڵاتەکانی ڕووخاند یان ئەو وڵاتانەی تووشی ئاڵۆزی و پشێوی کرد.

هەردووی ئەو ڕووداوانە دەرفەتیان بۆ کۆماری ئیسلامی پێک هێنا کە زیاتر دزە بکاتە نێو وڵاتانی ناوچەکە و لەو ڕێگایەوە هێژمۆنیی خۆی بەسەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بسەپێنێ. بۆ ئەم مەبەستەش لەلایەک ئەوەندەی توانی و بواری بۆ لووا هێزەکانی سپای قودسی ڕەوانەی وڵاتانی عێراق و سووریە و لوبنان کرد و هاوکات هێز و گرووپی چەکداری سەر بە خۆی لە وڵاتانی: عێراق، سووریە، لوبنان، فەلەستین، بەحرەین، یەمەن و هتد..دا پێکهێنا یان ئەوەی کە تا ئەو کات هەیبوو، بەهێز و پڕچەکی کردن. بەدرێژایی دە ساڵی ڕابردوو ئێران لەو بۆشاییانە بە قازانجی سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕش کە لە خومەینی بۆی بە میرات ماوەتەوە و بە ئامانجی سڕینەوەی ئیسرائیل کە لە سەردەمی خامنەییدا پتر کەوتە نێو ڕۆژەڤی سیاسەتەکانی ئەم حکوومەتەوە، کەڵکی وەرگرت.

 ترۆپکی ئەو هەوڵانەش لە ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣دا بە هێرشی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل خۆی نواند. هێرشێک کە جیهانی ڕاتڵەکاند. ڕوون نییە کە ئێران تا چەند بەشداری بڕیاری هێرش و جینایەتەکانی بەرەبەیانیی ڕۆژی ٧ی ئۆکتۆبر بوو، بەڵام لە دنیا ڕوون و ئاشکرایە کە ئەو چەکدارانە هەم لەلایەن ئێرانەوە بار هێندرابوون و پڕچەک کرابوون و هەمیش هەڵسوکەوتیان سەبارەت بە کوشتن و دەستدرێژی و بە بارمتەگرتنی ژن و منداڵ و پیر و لاوی جوولەکە بەدەر لەو دروشمانە نەبوون کە ڕێبەرانی کۆماری ئیسلامی و لەوانە عەلی خامنەیی گەلێک جار داکۆکییان لەسەر کردوە و تەنانەت زەمانیان بۆ بەدیهاتنی دیاری کردوە؛ سڕینەوەی یەکجاریی ئیسرائیل لەسەر نەخشەی جیهان. ئەوەی لە ٧ی ئۆکتۆبردا هاتە ئاراوە لەڕاستیدا بەشێکی هۆکارەکە ئەو بۆشایی و هەلە لەبارە بوو کە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە بۆ ئێران پێک‌هاتبوو. ئەمریکا ‏ئەگەرچی لە ساڵی ٢٠١٤ و بەدوای سەرهەڵدانی داعشدا، لەچوارچێوەی بڕیارێکی شوورای ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەڕایەوە، بەڵام ئەو گەڕانەوەیە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر تەراتێنی چەکدارەکانی سەر بە سپای قودس دانەنا و بەربەست نەبوو. ڕەوتێک کە دەتوانین بڵێین هەتا ٧ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ بەردوام بوو. بەڵام لەو کاتە بە دواوە ئەمریکا و بە گشتی ڕۆژئاوا تێگەیشتن کە بوون و مانی ئیسرائیل وەک گرینگترین هاوپەیمانی ئەمریکا لە مەترسی‌دایە. زانیان کە ئەوانەی سەرانی کۆماری ئیسلامی تا ئەوکات بە قسە دەیانگوت، تەنیا درووشم نەبوون و لە هەر کوێ بۆیان بلوێ دەیخەنە بواری جێبەجێ کردنەوە. هەر بۆیەش ئەو هاوکارییە ئوتوماتیک هەڵوەشایەوە. ڕەنگە ئێرانییەکان لە ئەمریکا و ئیسرائیلیش چاکتر هەستیان بە هەڵوەشانەوەی ئەو ڕێککەوتنە نەنووسراوە کردبوو کە یەکسەر دەستیان بە درۆن و هاژەکبارانی بنکەکانی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەدا کرد. کردەوەگەلێک کە بە کوشتنی سێ سەربازی سپای ئەمریکا لە ئۆردۆن گەیشتە چڵەپۆپە و ئەمریکاییەکان ناچار بوون زووتر هێز ڕەوانەی ناوچەکە بکەن و خۆیان بۆ بەرەوڕووبوونەوەیەکی درێژخایەن ئامادە بکەن.

لە ڕاستیدا ئەوەی ئەمریکای بۆ ناوچەکە گەڕاندەوە و ناچاری کرد کە هێزەکانی لە بەرامبەر ئێراندا سان بدات، نە درۆنبارانی جار بە جار و نە کوژرانی سێ سەرباز، بەڵکو کارەساتی ٧ی ئۆکتۆبر بوو. بڕیارێک کە بە کوتانی ٨٥ بنکەی سەربازیی میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە شەوی ٢ی فێوریەی ٢٠٢٤دا کەوتە بواری جێبەجێ کردنەوە. ئەو کردەوەیە پێش ئەوەی لە کوشتنی ژمارەی چەکداری کوژراو یان بنکەی ڕووخاوی هێزەکانی سەر بە ئێراندا چاو لێ بکرێ، بە ئامانجی پاراستنی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی دیکەی ئەمریکا لە ناوچەکە، سەرەتایەکە بۆ کۆتاییهێنان بە تەراتێنی هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە تایبەت لە هیلالی شیعەدا. لە راستیدا گرینگترین پەیامی ئەو هێرشە ئەوەیە کە ئەمریکا جارێکی دیکە و ئەمجار بە ئامانجی قەمتەرکردنی ئێران بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەڕاوەتەوە.