ڕۆژی شەممە، ١٤ی ڕێبەندان(٣ی فێوریەی ٢٠٢٤)، کۆبوونەوەی کۆمیتەی هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکان لە شاری ستۆکهۆڵم لە بارەگای فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان پێکهات.
هەیئەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەشی پێوەندییە کوردستانییەکان، پێکهاتوو لە خاتوو نیشتمان عەزیزی بەرپرسی ئەو بەشە، بە هاوکاریی خاتوو موژدە عەزیزی بەشدارییان لەو کۆبوونەوەیەدا کرد.
ئامانج لەو کۆبوونەوەیە هەڵسەنگاندن و پێداچوونەوەی کارەکانی کۆمیتەی هاوکاری لە چەند مانگی ڕابردوودا، هەروەها ئامادەکاری بۆ چالاکییەکانی داهاتوو بوو.
لەم کۆبوونەوەیەدا جەخت لەسەر ئەرکی کۆمیتەی هاوکاریی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان کرا و ڕایانگەیاند: زۆر گرینگە هەر کاتێک هێرشکی ناڕەوا دەکرێتە سەر هەر شوێنێک و هەر بەشێکی کوردستان، ئەم کۆمیتەیە بە بێ جیاوازی، دەستبەجێ هەڵوێست بگرێت و لەوەش گرینگتر هەوڵ بدات ئەو ڕووداوانە بە هاوکاریی فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان بە دامودەزگا سویدیەکان بگەیەنێ.