کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندان لە یۆتۆبۆری

11:13 - 17 رێبەندان 2723

ڕۆژی شەممە، ١٤ی ڕێبەندان(٣ی فێوریەی ٢٠٢٤)، ڕێوڕەسمێک بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ٢ی ڕێبەندان ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان، لە شاری یۆتۆبۆریی وڵاتی سوید بەڕێوە چوو. 

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب  و ڕاگرتنی خۆلەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

 پەیامی نەوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە لەلایەن هاوڕێ حێشمەت وەلەدبەیگییەوە خوێندرایەوە. 

پاشان خاتوو ماریا ئەندام پارلەمانی سوید لە حیزبی سۆسیال دێموکراتەکانی ئەم وڵاتە پەیامێکی  خوێندەوە.

ناوبراو لە پەیامەکەیدا باسی لە پشتیوانیی هەمیشەیی سۆسیال دێموکراتەکان لە دۆزی کورد کرد و لە بەشێکدا وتی: زۆر لە مێژە کوردەکان تووشی قڕکردن، کۆمەڵکوژی و چەوسانەوە دەبنەوە کە هەموو جیهان لێی ئاگادارە، بەڵام کۆمەڵگەی جیهانی زۆر کەم هەوڵ دەدا ئەو چەوساندنەوانە نەمێنن. وەک نموونەش باسی کارەساتی هەڵەبجەی کرد و جارێکی دیکە پشتیوانیی خۆی بۆ گەلەکەمان دووپات کردەوە.

دواتر پەیامێکی کورت بە زمانی سویدی و پارچە شێعرێکیش لەلایەن دیار ڕەحمانییەوە پێشکەشی ئامادەبووان کران.

بەشێک لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانییەکان، بروسکەی پیرۆزباییان بۆ ڕێوڕەسمەکە ناردبوو کە بریتی بوون لە: پارتی دێموکراتی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە، ڕێکخراوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، کۆمەڵەی سۆسیال دێموکراتی کوردی.

ڕێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان و هەنەرمەندیی هونەرمەندان ئیسماعیل ماملێ، شێرکۆ مەریوانی و پەیمان قەڵخانی کۆتایی پێ هات.