کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا/ دیداری شاندێکی حیزب لە ناشڤیل لەگەڵ شفا بارزانی

20:11 - 17 رێبەندان 2723

لەسەر بانگهێشتی نوێنەرایەتیی کۆنفێدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لە ئەمریکا و کانادا، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناشڤیل پێکهاتوو لە محەممەد قەرەخدری، ئەحمەد ڕوبیتەن و سولەیمان سابیری لە کەشوهەوایەکی دۆستانەدا چاویان بە شفا بارزانی و شاندی یاوەری کەوت.

لەو دیدارە، هاوڕێیانی حیزبی بە تێروتەسەلی باسیان لە پێویستیی یەکڕیزیی کوردستانیان کرد و لەمبارەوە پشتیوانیی خۆیان بۆ هەموو هەوڵێک لەپێناو کوردستاندا دووپات کردەوە.

شفا بارزانی و تیمی هاوڕێی وێڕای بەرزنرخاندنی ڕۆڵ و پێگەی مێژوویی حیزبی دێموکرات، هاوکات سپاسی سیاسەت و هەڵوێستە نەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کرد کە هەموو کات بۆ گەشەی بیری کوردایەتی بە پەرۆش بووە و هەر لەم چوارچێوەیەشدا بەردەوام پشتیوانیی لە کار و پرۆژەکانی ڕەوەندی کوردستانی کردووە.

شاندی حیزبی دێموکرات وێڕای ئەو کۆبوونەوەیە لە کۆبوونەوەی جەماوەری ڕەوەندی کوردستانی لە ناشڤیل بە شێوەیەکی چالاکانە بەشدار بوون و لەم پێوەندییەدا دید و بۆچوونەکانی خۆیان هێنایە بەر باس.

ماوەی چەند ڕۆژە شفا بارزانی سەرپەرشتیاری ڕەوەندی کوردستانی و تیمی یاوەری لە شاری ناشڤیل، لە ویلایەتی تێنێسی ئەمریکا، لەگەڵ حیزب، کەسایەتی و کۆڕ و کۆمەڵەکان کۆ بوونەتەوە.