کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات تایبەت بە هەڵسەنگاندنی هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەمە، دۆخی ئێران و کوردستان، ئەرکەکانی داهاتوو

15:00 - 18 رەشەمه 2723

ڕاگەیاندراو

بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات تایبەت بە هەڵسەنگاندنی هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەمە، دۆخی ئێران و کوردستان، ئەرکەکانی داهاتوو

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئاکامی بەناو هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەممەی بەنیشانەی یەكگرتوویی جووڵانەوەی ناڕەزایەتیی گەلانی ئێران دژبە ڕێژیم و شکستێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە قەڵەم دا.

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ ڕەشەممەی ١٤٠٢ی هەتاوی (٧ی مارسی ٢٠٢٤ی زایینی) ناوەندی بەرێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتیی خۆیدا ئاکامی هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شواری ئیسلامی و خیبرەگانی ڕێبەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی کە ڕۆژی ١١ی ڕەشەممە بەڕێوەچوو، هەڵسەنگاند. بەڕێوەبەریی حیزب بە ئاوڕدانەوە لە ڕەوتی هەوڵ و پیلانەکانی ڕێژیم بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی ئەم بەناو هەڵبژاردنانە و هاندانی خەڵک بۆ بەشداری و چوونەسەر سندوقەکانی دەنگدان و، لە سۆنگەی بزووتنەوەی ژینا و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی چەند ساڵی ڕابردووی خەڵک دژ بە سەرەڕۆی و دیکتاتۆری لە وڵات و، هەروەها کاریگەرییەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لەسەر پەرەسەندنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵک و زەروورەتی یەکگرتوویی نێوان گەلانی ئێران، باسی لە گرینگیی ئەم خولە لە هەڵبژاردنەکان بۆ ڕێژیم و چۆنیەتی کەڵکوەرگرتنی بەرەی خەڵک لەم دەرفەتە بۆ درێژەی دژایەتی و ڕووبەڕووبوونەوەکان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی کرد.

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە هەڵسەنگاندنی سیاسەتی بایکۆتی هەڵبژاردنەکان لە چوارچێوەی ڕەوتی ناڕەزایەتییە گشتی و بەردەوامەکانی گەلانی ئێران دژبە ڕێژیم و هەڵوێستی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی، پێی وایە؛ زۆرینەی هەرە بەرچاوی خەڵکی ئێران بە نەچوونەسەر سندوقەکانی دەنگدان، "نا"یەکی مانادار و بە‌هێزتر لە هەڵبژاردنەکانی پێشوویان بەرانبەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تەواوەتیی خۆیدا تۆمار کرد.

بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات لە هەڵسەنگاندنەکەی بۆ هەڵبژاردنەکانی ١١ی ڕەشەممە، وێڕای ڕەتکردنەوەی ئیدیعا و ڕاگەیاندنی بەدرۆی ئامار و ڕێژەی بەشداریی  خەڵک و چوونەسەر سندوقەكانی دەنگدان لەلایەن دامودەزگاکانی ڕێژیم و کاربەدەستانی، سیاسەتی بایکۆتی لە ئاستی سەرانسەری ئێراندا بە براوە و سەرکەوتوو زانی کە بە دانپێدانانی خودی بەرپرسانی ڕێژیمیش؛ تەنانەت ڕێژەیەکی بەرچاو لەوانەی -بە هەر هۆکارێک چوونەسەر سندوقەکانی دەنگدان- دەنگی سپیان داوە کە لە زۆرێک لە بنکەکانی دەنگداندا، دەنگی سپیی بەشداربووان لە دەنگی زۆرێک لە بەربژێرەکان زیاترە.

تایبەت بە هەڵوێستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەرانبەر بە هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم لە حەوتووی ڕابردوودا و، هەروەها سیاسەتی بایکۆتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان، بەڕێوەبەریی حیزب پێی وایە؛ وەک چۆن ڕێژێم بە هەستیارییەکی زیاترەوە کاری لەسەر هاندانی خەڵکی کوردستان بۆ چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان دەکرد، لە بەرانبەردا خەڵک لە شار و ناوچەکانی کوردستان بە ڕێژەیەکی زیاتر لە خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێران، ئەم هەڵبژاردنانەیان بایکۆت کرد و بە وڵامدانەوەی بە بانگەوازی حیزبەکانی خۆیان، پیلانەکانی ڕێژیمیان پوچەڵ کردەوە.

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکرات لە پێوەندی لەگەڵ ئەو شار و ناوچانەی پارێزگای وڕمێ کە تێکەڵاویی دوو نەتەوەی کورد و تورکیان پێوە دیارە و هەڵوێست و ڕەفتاری دانیشووانەکانیان بەنیسبەت هەڵبژاردنەکانەوە جۆرێکی دیکە بووە و تا ڕادەیەک ڕێژەی چوونەسەر سندوقەکانی دەنگدان بەرچاو بووە، لەو باوەڕەدایە؛ لە هەلومەرجی ئێستای خەبات دژبە کۆماری ئیسلامیدا ئەوەی گرینگ و پێویستە سەرنجی زیاتری بخەێتە سەر، بەهێزکردنی هاوپێوەندیی نێوان دوو گەلی کورد و تورک لەم ناوچەیە و هەوڵدانیان بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانەکانی ڕێژیمی دژیگەلیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێر ڕووناکایی هەڵسەنگاندنەکانی خۆیدا بۆ بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم و بەرینبوونەوەی ناڕەزایەتییە گشتی و یەکگرتوانەکانی گەلانی ئێران دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و دوورە دیمەنی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵک لە ئاستی سەرانسەریی ئێراندا و، هەروەها خستنە بەرباسی هێندیک پرس و بابەتی ئۆڕگانی و تەشکیلاتی، کۆمەڵێک ئەرک و ڕاسپاردەی بۆ ئۆڕگانە پێوەندیدارەکانی حیزب دیاری و دەستنیشان کرد.

ناوەندی ئیداریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٨ی ڕەشەممەی ١٤٠٢ی هەتاوی

٨ی مارسی ٢٠٢٤ی زایینی