هاونیشتمانیانی خۆشەویست!
خەڵکی ئازادیخواز و تێکۆشەری کوردستان!
لەبەرەبەری هاتنی نەورۆز و نوێبوونەوەی ساڵدا، پێش هەموو شتێک پڕبەدڵ پیرۆزباییەکی گەرمتان لێدەکەین و ئاواتەخوازین ساڵی نوێ، ساڵێکی پڕخێروبێر و پڕدەسکەوت بۆ ئێوەی ئازیز و بزووتنەوەی نەتەوەیی گەلەکەمان بێ.
هاونیشتمانیانی ئازیز!
٤٥ ساڵە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەموو جۆرێک هەوڵی داوە نەورۆز لە بیروزەینی خەڵکی کوردستاندا کەمڕەنگ بکاتەوە و ئەوەندەی پێی دەکرێ پێش بە شایی و خۆشی و ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان لە کوردستان بگرێ. چونکە ئەوان باش دەزانن نەورۆز لەلای گەلی ئێمە تەنیا گۆڕانی وەرز و هاتنی بەهار نییە، بەڵکوو هێمایەکە بۆ یەکگرتوویی و خۆڕاگریی زیاتر بۆ بەردەوامی لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی خەڵکی کوردستان. بەڵام خەڵکی بەهەڵوێست و تێکۆشەری کوردستان نەتەنیا ڕێگەیان بە سەرکەوتنی پیلانەکانی ڕێژیم لەم بوارەدا نەداوە، بەڵکوو ساڵانێکە بە وەڕێخستنی بۆنە و ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان لە هەموو ناوچەکانی کوردستان، نەورۆزیان کردووەتە مەشخەڵێکی پیرۆز و سەنگەرێکی قایم دژبە داگیرکاریەکانی کۆماری ئیسلامی و گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاری.
خەڵکی خەباتکاری کوردستان!
لە پاش ڕابوونی ئازایانەی ئێوە لە شۆڕشی ژینادا خەباتی گەلەکەمان پێی ناوەتە قۆناغێکی گرینگترەوە و واچاوەڕوان دەکرێ ئەمە دوا قۆناغی کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ڕەش و پڕ لە کارەساتی کۆماری ئیسلامی بێ. بۆیە پاراستنی یەگرتوویی ئێوە لە هەموو بۆنەکاندا و بەتایبەتی وەڕێخستنی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان ورەیەکی زیاتر بە هەموان دەدا کە قایمتر لە جاران درێژە بە خەباتی خۆیان بۆ لە گۆڕنانی ئەم ڕێژیمە دژە ئینسانییە بدەن و تابلۆیەکی دیکەش لە یەکگری و هاوپێوەندیی نەتەوەیی کورد لە ئێران پێشانی هەمووان دەداتەوە. لەگەل ئەوەدا کە نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێ هاوکاتە لەگەڵ مانگی ڕەمەزان، داوا لە تێکڕای خەڵکی کوردستان دەکەین وێڕای پاراستنی ڕێزی ئەم مانگە پیرۆزە، مەشخەڵی ئاوری نەورۆز بەشکۆتر لە ساڵان هەڵ بکەن و بە وەڕێخستنی ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکان، جامانە لەمل و هەوری لەکۆڵ شکۆیەکی دیکە بە نەورۆزی پڕ واتای کوردەواری ببەخشن. بێگومان ئەمساڵیش بنەماڵە و کەسوکاری ئازیزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی کە بەتایبەت لەم دوو ساڵەی ڕابردوودا قورسترین ئەرکیان لە سەرشان بووە، لە هەڵکردنی ئاور و هەڵگرتنی مەشخەڵانی نەورۆزی ڕزگاریدا وەک هەمیشە پێشەنگی گەلەکەمان دەبن.
بەهیوای نەورۆزێکی پڕ لە خێر و خۆشی و هاتنی ساڵێکی پڕدەسکەوت بۆ هاونیشتمانیانی خۆشەویست.
ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
نەورۆزی ٢٧٢٤ی کوردی