کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاونیوز: ناوبردنی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران بە جینایەت دژی مرۆڤایەتی دەسکەوتێکی گرینگ لە خەباتی دژی کۆماری ئیسلامی‌دایە

21:51 - 18 رەشەمه 2723

هاونیشتمانییان!

ڕێکخراوە سیاسی، مەدەنی و مافیی مرۆڤییەکان!

کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان کە ڕۆژی ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١ لەلایەن شوڕای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە کۆی دەنگی وڵاتانی ئەندام دامەزرا، دوای پتر لە ساڵێک لێکۆڵینەوەکانی خۆی لەهەمبەر پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و سەرکوتی بێبەزەییانەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، ئەمڕۆ هەینی ١٨ی ڕەشەممە بەرانبەر بە ٨ی مارس ڕاپۆرتی خۆی بڵاو کردەوە. لەم ڕاپۆرتەدا کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکات لە ڕۆژی جیهانیی ژندا پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ بەتایبەت لەدژی ژنان و کچانی بە "جینایەت دژی مرۆڤایەتی" ناو بردوە.

 "جینایەت دژی مرۆڤایەتی" لە بڕگەی حەوتەمی ئەساسنامەی نێونەتەوەیی "ڕۆم" بۆ دامەزراندنی "دادگای سزادانی نێودەوڵەتی" وەک یەکێک لە گەورەترین تاوانەکان بە دژی مرۆڤایەتی بە جوانی ئاماژەی پێ کراوە کە بەشێک لەو تاوانانە بریتین لە؛ کوشتن، سێدارە، سڕینەوە، گرتن و ڕفاندنی زۆرەملێ، ئازار و ئەشکەنجە، دەستدرێژی سێکسی، ئازار و ڕاوەدوونانی گرووپێک یان کۆمەڵەیەک بە هۆکاری سیاسی، زایەند، نەتەوەیی، کولتووری، ئایینی، ڕەگەزی و بە گشتی هەرجۆرە هێرش و سەرکوتێکی سیستماتیک دژی مرۆڤایەتی.

کۆمیەتی دۆزینەوەی ڕاستییەکان بە بڵاو کردنەوەی ڕاپۆرتێکی سەرەتایی لە لێکۆڵینەوەکانی خۆی، جارێکی دیکە پشتڕاستی کردەوە، کە حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک و ئامانجدار بە مەبەستی سەرکوتی هەرجۆرە ناڕەزایەتییەکی تەنانەت ئاشتیخوازانەش بەتایبەت میناکی بزووتنەوەی ژینا بە کوشتن، سێدارە، گرتن و هێرشی بێبەزییانە هەوڵی سەرکوت و لەنێوبردنیان دەدات. جێگای وەبیرهێنانەیەوە کە ڕوودانی هەر ئەوجۆرە جینایەت و کارەساتانەی مرۆڤایەتی بووە هۆی دامەزراندنی دادگاکانی نێودەوڵەتیی ناسراوی وەک "نۆرنبێرگ"، "یوگسلاوی"، "ڕواندا"، "لیبی" و... . بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، دەستەڵاتدارنی ئێران کە ئەو تاوانە سامناکانەیان کردوە، دەبێ لە دادگا نێونەتەوەییەکاندا سزا بدرێن. هاوکات ئەو پەروەندەیەش بۆ بەدواداچوونی قەزایی و جێبەجێکردنی پرۆسەی ڕاستەقینەی خۆی بنێردرێتە شوڕای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بڕیاری شیاو و یاسایی لەسەر بدرێ.

ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز) وێڕای پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنە لە سەرجەم هاونیشتمانیان بەتایبەی بنەماڵەی شەهیدان، زیندانیان سیاسی، برینداران و چالاکان و ڕێکخراەکانی مافی مرۆڤی، ڕایدەگەیەنێ؛ قۆناغێکی دیکەی هەستیار بۆ کۆتایی‌هێنان بە پێشێلکارییەکانی ئاشکرای مافی مرۆڤی لە کوردستان و ئێران هاتووەتە ئاراوە و دەبێ لەم دەرفەتەش بە شێوەی یاسایی و هاوکاریی وڵاتانی ئازادی و دێموکراتی کەڵک وەربگرین بۆ گرتن و دادگاییکردنی دەستەڵاتدارانی ئەو نیزامەی ٤٥ ساڵە بە شێوازی جۆراوجۆر نەتەوەکانی نێو ئەو جوغرافیایە دەچەوسێنێتەوە و مافیان پێشێل دەکات.

ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان (چاونیوز)

١٨ی ڕەشەممەی ١٤٠٢ (٨ی مارسی ٢٠٢٤)