کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کاک مستەفا هیجری: ڕاپۆرتی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان هەنگاوێکی گرینگ بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ڕای گشتییە

11:10 - 20 رەشەمه 2723

کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

ڕۆژی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان، کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی شۆرای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ١٣ مانگ جینایەتی کۆماری ئیسلامی لە درێژەی شۆڕشی ژینا بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی بڵاو کردەوە. لەم ڕاپۆرتەدا باس لە لایەنە جیاوازەکانی سەرکوت و کوشتنی خەڵک و بەکارهێنانی توندوتیژی لە ڕێگەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە کراوە و ئەوەی بە نیشانەی ئاشکرای جینایەت دژی مرۆڤایەتی ناو بردووە. لە بەشگەلێک لەم ڕاپۆرتەدا بە وردی ئاماژە بەوە کراوە کە هەر لە یەکەمین ڕۆژەکانی بزووتنەوەکە لە شارەکانی کوردستاندا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەوڵی دا خۆپیشاندانی هێمنانەی خەڵک وەکوو بزووتنەوەیەکی جیاییخوازانە نیشان بدات، لەم ڕووەوە کۆمەڵگە نەتەوەیی و ئایینییەکانی وەکوو کوردەکان و بەلووچەکانی بەتوندی سەرکوت کرد و لەم پێناوەشدا کەڵكی لە چەکی شەڕ وەرگرت. ئەم ڕاپۆرتە زیاتر لەمبارەوە گرینگە کە نیشان دەدات وردەکاری و شێوەی سەرکوت نە بە ڕێکەوت، بەڵکوو بە شێوەی سیستماتیک و لەلایەن پلەبەرزترین بەرپرسانی ڕێژیمەوە بڕیاری بۆ دراوە و جێبەجێ کراوە. ڕاپۆرتی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان، هەقیقەتی بەرفراوانی سەرکوت و بەکەمزانین خۆپیشاندەران ئاشکرا دەکات و هەنگاوێکی گرینگ بۆ دووبارە پێناسەکردنەوەی ڕێژیمی جینایەتکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ ڕای گشتییە. ئەم ڕاپۆرتە جێگای دەستخۆشی و پێزانینە و لەلایەک سەرچاوەیەکی گرینگ و باوەڕپێکراو بۆ نیشاندانی دووبارەی ڕووی ڕاستەقینەی ئەم ڕێژیمەیە و لەلایەکی دیکەشەوە نیشاندەری خۆڕاگری و بەرخودانی نەتەو ستەملێکراوەکان و بەتایبەت خەڵکی کوردستان و ژنانی بوێری ئێرانە.

 

مستەفا هیجری

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

 ١٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٢