کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانمارک/ بەشداریی شاندی حیزب لە کۆنگرەی پارتی سۆسیالیستی گەل

17:34 - 20 رەشەمه 2723

ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە ١٩و٢٠ی ڕەشەمە( ٩و١٠ی مارسی ٢٠٢٤) کۆنگرەی ساڵانەی پارتی سۆسیالیستی گەل لە وڵاتی دانمارک بە بەشداریی شاندێکی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی  ئێران بەڕێوە چوو.

کۆنگرە بە ڕاپۆرتی سیاسیی خاتوو "پییا ئولسن دیهر" سکرتێری حیزبی ناوبراو دەستی بە کارەکانی کرد.

خاتوو "پییا" لە چوارچێوەی وتەکەیدا پشتیوانی پارتەکەی بۆ دۆزی ڕەوای کورد دووپات کردەوە و ڕۆڵی کوردی لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تێرۆریزمی داعشیدا بەرز نرخاند.

لە برگەکانی دواتری کاری کۆنگرەدا چەندین بابەتی جیاوازی وەکوو سیاسەتی ژینگەپارێزی، شەڕی ئوکراین، فەڵەستین و کێشەی پەنابەران، ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنەکانی یەکیەتیی ئورووپا و ...، ھاتنە بەر باس و شرۆڤە کران. 

لە ماوەی دوو ڕۆژی کۆنگرەدا، نوێنەری حیزب لەگەڵ چەندین کەسایەتیی سیاسیی پارتی ناوبراو، ئەندامانی پارلەمان و میوانانی بیانی چاوپێکەوتنی پێک هێنا و سیاسەتی حیزب و کێشەی کورد بەگشتی و لە ڕۆژھەڵات بەتایبەتی باسی لێوە کرا. 

جیا لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی سۆسیالیستی کوردستان، پارتی دێموکراتی کوردستان و یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەشداری کۆنگرەکە بوون و بە ھاوکاری و ھاواھەنگی لەگەڵ یەکتر نوێنەرایەتیی گەلی کوردیان کرد.

شایانی باسە کە شاندی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە پێکهاتبوو لە "ھەژار دەشتی" بەرپرسی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان و "دانا ئەلیاسی" ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکان بە بانگهێشتی فەرمیی پارتی سۆسیالیستی گەل لە وڵاتی دانمارک بانگهێستی کونگرە کرابوون.