کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١١ ڕێکخراو لە نۆروێژ بەبۆنەی ٨ی مارس، ڕێوڕەسمێکی هاوبەشیان بەڕێوە برد

18:08 - 21 رەشەمه 2723

ڕۆژی هەینی ١٨ی ڕەشەمە کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران هاوکات لەگەڵ ١٠ ڕێکخراوەی دیکە لە شاری لیللەسترۆمی نۆروێژ، بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنان، ڕێوڕەسمێکیان بەڕێوەبرد.

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا جێگری شارەوانیی لیللەسترۆم بە ئاماژەدان بە ناودێرکردنی ئەو ڕۆژە، لەسەر چەوساندنەوەی ژنان لە هەموو جیهاندا جەختی کردەوە و خەباتی ژنانی بۆ لابردنی ئەو چەوسانەوەیە بەرز نرخاند و داوای ئاسانکاری بۆ ژنانی نەتەوە جیاوازەکانی لە شاری لیللەسترۆم کرد.

پاشان دوو خاتوونی خەڵکی وڵاتی سوودان بە دوو زمانی عەرەبی و نۆروێژی وتارێکیان سەبارەت بە پێوەندیی مێژوویی ژنانی سوودانی و ڕۆڵی بەرچاویان لە خەباتدا پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

بڕگەی دووهەمی ڕێوڕەسمەکە بە پانێلێک بە سەرپەرستی "نینا لانکفێڵد" بەرپرسی بەشی کولتووریی شاری لیللەسترۆم بەڕێوە چوو کە لەو پانێلەدا "ئالی بەرزەنجی، ئۆلیوارە تودوریووک، ماجیا کولوویک و ماشاڵ ئەحمەدزەی" باسیان لەسەر تەندروستیی ژنان و هەروەها نەخۆشییە دەروونییەکان کرد.

لە بڕگەی سێهەمدا "گوڵان هیجری" ئەندامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران باسێكی لەسەر مێژووی یەكیەتیی ژنان و خەباتی نەتەوەیی پێشكەش كرد و ئاماژەی بەوە دا کە ژنان دەبێ لە هەموو بوارەکانی ژیاندا هەوڵ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان بدەن.

هیجری لە درێژەی قسەکانیدا وتی: "گەورەترین بەربەست و کێشە بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سیستەمی بەڕێوبەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە کە ئایینی کردووەتە ئامرازێک بۆ چەوساندنەوەی ژنان و پێناسەکردنیان بە ڕەگەزی دووهەم.

گوڵان هیجری سەبارەت بە خەباتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وتی: "ژنانی ڕۆژهەڵات و یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە درێژایی مێژوو بۆ وەدیهێنانی مافی نەتەوایەتی و مافی یەکسانی هەوڵیان داوە و بۆ گەیشتن بەو مافانە هاوتەریب خەباتیان کردووە.

 

ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند کە یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژی جیهانیی ژن دەکاتە هێمایەک بۆ داکۆکی لە ئامانجە بەرز و پیرۆزەکانی بزوتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی".

جێی ئاماژەیە کە ڕێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی زیاتر لە ٣٨٠ کەس بەڕێوە چووە کە ئەندامانی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەموو بڕگەکانیدا چالاکانە بەشداریان کردووە.