کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوە چوونی ڕێوڕەسمی ٨ی مارس لە وڵاتی فینلاند!

00:19 - 22 رەشەمه 2723

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٩ی مارسی ٢٠٢٤، بە بۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی نێونەتەوەیی ژنان، ڕێوڕەسمێک لە لایەن کۆمیتەکانی دەرەوەی وڵات و فینلاندی یەکیەتیی ژنان و بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە ئەندامانی ڕێکخراوەکە لە کۆمیتەکانی فینلاند، سوید و نوروێژ و کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتە لە شاری توورکۆ بەڕێوە چوو.

سەرەتای بەرنامە بە سروودی یەکسانی و ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێز لە شەهیدانی گەل، بەتایبەتی ژنانی شەهید دەستی پێکرد.

پاشان بەڕێوەبەری بەرنامە نەشمیل ڕەحیم پوور بەخێرهاتنی میوانان و بەشدار بووانی کرد و بە باسێکی کورت لەسەر مێژووی ٨ی مارس یەکەم بڕگەی ڕێوڕەسمەکە دەستی پێکرد.

لە بڕگەی یەکەمی بەرنامەکەدا پەیامی هاوبەشی کۆمیتەکانی دەرەوە و فینلاندی یەکیەتیی ژنان، لە لایەن زولیخا دیباجی بەرپرسی کۆمیتەی فینلاند و پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە فینلاند لە لایەن سارا ئیبراهیمی یەوە پێشکەش کرا.

پاشان بەیان کەریمی، کۆمەڵناس و چالاک لە بواری ژناندا، بە شێوەی سەرهێڵ، باسێکی لە سەر ٨ی مارس و ڕۆڵی ژنی کورد لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دا پێشکەش کرد.

ناوبراو لە باسەکەیدا بە تێرو تەسەلی ئاماژەی بە خەباتی ژنی کورد لە سەد ساڵی ڕابردوو و جیاوازی داخوازییەکانی ژنی کورد لەگەڵ ژنانی نەتەوەی باڵادەستدا کرد و پاشان پرژایە سەر شۆڕشی ژینا و دروشمی ژن، ژیان، ئازادی و دەسکەوت و کەموکوڕییەکانی ژنی کورد لەو شۆڕشەدا لە بەراورد لەگەڵ ژنانی نەتەوەی باڵادەست و تیشکی خستە سەر سەرکوتی شۆڕشی ژینا و ڕۆلی ژنانی نوخبەی ئێرانی یاخود فیمینیزمی باڵادەستی ئێرانی. ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی: گەرچی شۆڕشی ژینا سەراسەری ئێرانی گرتەوە و بوو بە هۆی دەنگ هەڵبڕانی کۆمەڵێک دەنگی کپ کراو، لە ژنانی ئێرانەوە بگرە تا نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران، بەڵام لە ڕاستیدا یەکێک لە گرینگترین و بەرجەستەترین تایبەتمەندییەکانی ئەم شۆڕشە پێشڕەو بوونی ژنی کورد لە مەیدانی شۆڕشدا و هەروەها بەرجەستە کردنەوەی ویستەکانی ژنی کورد بوو کە لە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی ڕەنگی دایەوە. بەیان هەروەها وتی کە داگیر کردن و پرۆسەی بە کلۆنیالیزم کردنی کوردستان لاپەڕەیەکی نوێ بوو بۆ ستەمێکی نوێ بە دژی ژنی کورد. باسەکەی بەیان بە گەرمی لە لایەن بەشدارانەوە پێشوازی لێکرا.

بەشی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە تەرخان کرابوو بۆ شایی و هەڵپەڕکێ. لەو بەشەدا هونەرمەندی گۆرانیبێژ نیاز شەیدا بە هاوکاری ژەنیار نیما حەسەنپوور کۆڕەکەیان ڕازاندەوە.

بەرنامە پاش زیاتر لە ٦ کاتژمێر کۆتایی پێهات.