کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی هەیئەتێکی حیزب لە رێوڕەسمێکی تایبەت بە ٨ی مارس

00:27 - 22 رەشەمه 2723

ڕۆژی شەممە، ٩ی مارس (١٩ی ڕەشەمە)، لەسەر بانگهێشتی ڕەوەندی کوردی لە شاری ڤییەن هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات، پێکهاتو لە خاتوو مونیرە نیگەهدار بەرپرسی کۆمیتە و خاتوو سەروەت دارایی، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ڕۆژی ژنان کرد.

پێش دەسپێکی ڕێوڕەسمەکە بە پێشکەشکردنی گوڵ پێشوازی لە بەشداربووان کرا.

ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەستی پێ کرد.

دواتر چەند پەیام و وتە پێشکەش کران و دێکومێنتارێک لەسەر ژنان و کچانی کوردی سەرکەوتوو لە وڵاتی ئوتریش پێشان درا.

بەشی دیکەی ڕێوڕەسمەکە، کێبڕکێیەک بوو کە پرسیارەکانی لە بابەتەکانی سیاسی، مێژوویی و کولتوری پێک هاتبوو.

خاتوو مونیرە نیگەهدار بە نوێنەرایەتیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران پەیامێکی پێشکەش بە بەشداربووان کرد. ناوبراو لە پەیامەکەیدا، ئاماژەی بە ڕۆڵی ئەرێنیی ژنان لە کۆمەڵگەدا کرد.

لە درێژەی پەیامەکەی هەیئەتی حیزبی دێموکراتدا هاتبوو: ماف شتێکی سروشتییە و دەبێ هەر مرۆڤێک ماف و ئازادییەکانی پارێزراو بن، بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی بەختیار و ئاسوودە هەبێ، دەبێ مرۆڤەکان بە ژن و پیاوەوە هەست بە ئازادی و مافەکانی خۆیان بکەن و نابێ هیچ بەربەستێک بۆ ژیانی ئازادانە دیاری بکرێت. حیزبی دێموکرات هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە و لە کاتی کۆماری کوردستاندا بۆ بەرزنرخاندنی ماف و ئازادییەکانی ژنان، ڕێکخراوەیەکی ژنان دادەمەزرێنێ و پێشەوا وەک کەسێکی نموونە بۆ هاندانی ژنانی دیکەی کۆمەڵگا، خاتوو مینای هاوسەری تەشویق دەکات، کە لەم ڕێکخراوەیە دا ببێتە ئەندام.

کۆمەڵگای کورد لە ڕۆژەهەڵات بە تایبەتی لەم ساڵانەی دوایدا، هەنگاوی ئەرێنی هاویشتوە، بۆ ئەوەی ئەو هەڵاواردنە بەینی ژن و پیاو هەیە، تا بکرێ کەمکاتەوە ، بە خۆشیەوە هەنگاوەکان جێگای تێڕامانن و هیوادارین هەروا بەرەوپێش بچین، ئەوە سەرەڕای ئەو هەمو زەبر و زەنگ و دیکتاتۆریەی کە لە وڵاتی ئاخوندلێدراوی ئیران دا هەیە.

رێوڕەسمەکە بەشایی و هەڵپەڕكێی بەشداران کۆتایی پێهات.