کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بزووتنەوەی نەورۆز

11:42 - 22 رەشەمه 2723

سمایل شەرەفی

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی هەتاوی لە کوردستان، ئەمساڵ لە کەشوهەوایەکی تایبەتیی سیاسیدا بەڕێوە دەچن. ساڵێک پێش ئێستا بەهۆی بزووتنەوەی ژینا و ئەو هەمووە سەرکوت و کوشتارەی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان و ئێران بەڕێوەیان برد، خەڵک نەورۆز و سەری ساڵی نوێیان بەسەردانی بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدان، برینداران و بەندکراوان و، ئامادەبوون لەسەر گڵکۆی شەهیدان بەڕێ کرد. بەڵام نەتەوەی کورد کە هەموو خەبات و قوربانیدانێکی بۆ دەستەبەرکردنی کەرامەتی ئینسانی و ژیاندۆستی و خۆشبژیوی و بەختەوەرییە، نەتەنیا حەزی لە شین و ماتەم نییە، بەڵکوو خۆڕازاندنەوە، هەڵپەڕین و گوێگرتن لە موزیک و دابەشکردنی خۆشییەکان لەگەڵ یەکتری، بە بەشێک لە خەبات دژ بە کۆنەپەرەستی و سەرەڕۆیی دەزانێ. بۆیە دیسان وەک ساڵانی پێشوو، خەڵک بە بەڕێوەبردنی کارنەڤاڵ و ڕێوڕەسمی جۆراوجۆری ڕازاوە و پڕ لە شادی و خۆشی، بەرەوە پێشوازی نەورۆز و ساڵیی نوێی هەتاوییەوە چوون.

نزیک بە پازدە ساڵە ڕێوڕەسمەکانی پێشوازی لە نەورۆز و ساڵی نوێی هەتاوی لە کوردستان بە مودێل و شێوازگەلی جیاواز لە ڕابردوو بەڕێوە دەچن کە بۆ زۆر کەس و لایەن جێی تێڕامان و سەرنجدانن. یەکەم ئەوەی؛ ئەم ڕێوڕەسمانە لە ئاستێکی جەماوەری و گشتیدا بەڕێوە دەچن و نەزمێکی ڕێکوپێکی بەبەرنامەیان لە پشتە. دووهەم ئەوەی؛ خەڵک ئەم ڕێوڕەسمانەی کردۆتە دەرفەتێک بۆ دەربڕینی کۆمەڵێک پەیام کە لە لایەک تەعبیر لە جۆرێک لە ناڕەزایەتی لە دەسەڵات و لەلایەکی دیکەوە تەعبیر لە شوناسخوازبوونێکی مودێڕنی کۆمەڵی کوردەواری دەکەن.

مودێلی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستان؛ دیارێکردنی شوێنی لێک‌کۆبوونەوەی خەڵک، رێزبەندیی بڕگە و بەشەکانی ڕێوڕەسمەکان و نێوەڕۆکی ئەو پەیامانەی لەم ڕێوڕەسمانەدا بڵاو دەبنەوە، لەگەڵ ئەو هێما و نیشانانەی لەلایەن بەشدابووانەوە بەکار دەهێندرێن، دەرخەری بوونی "هێز"ی خۆڕێکخستنی کۆمەڵکەی کوردستانە. ئەمە بۆ کۆمەڵگەیەکی وەک کوردستان کە بە سەدان ساڵە لە ماف و ئازادییە نەتەوەیی و خۆبەرێوەبەرییەکانی بێبەش کراوە و لە حاڵی خەبات‌‌دایە، دەسکەوتێکی گەورەیە. بێگومان ئەم دەسکەوتە ئاکامی دەستڕەنجی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی نێوخۆی وڵاتە کە تا ئیستاش کاریگەری و شوێندانەریی خۆیان هەر هەیە.

ڕێوڕەسمەکانی نەرۆز لە کوردستان کە دەکرێ لە چوارچێوەی بزووتنەوە گەورە نەتەوەیی و مافخوازانەکەی کورد و کوردستان‌دا بە "بزووتنەوەی نەورۆز' ناوێر بکرێن، بوونەتە دەرفەت و مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی خەڵکی مافویست و ژیاندۆستی کوردستان دژ بە سیاسەتی سەرکوت و کۆنەپەرەستیی کۆماری ئیسلامی ئیران. لەم ڕێوڕەسمانەدا کە زۆر جار ڕێژیم لە ڕێگای دەست و پێوەندە نزمەکانی خۆیەوە ویستوویەتی دەستیان بەسەردا بگرێ و لە نێوەڕۆکی ڕاستەقینەی خۆیان بەتاڵیان بکاتەوە، خەڵک هوشیارانە بەگژیاندا چوونەتەوە و بە کەڵکوەرگرتن لە کۆمەڵێک ڕەمز و هێمای تایبەت، نەتەنیا مۆرکی گەلی‌بوونییان لە ڕێوڕەسمەکان داوە، بەڵکوو کردوویانن بە دەرفەتێک بۆ دژایەتی لەگەڵ دوژمنانی گەل و نیشتمان.

جامانە و هەوری کە هێمای جل وبەرگی پێشمەرگەکانی کوردستان و ژنانی خانەدانی کوردەوارین، چەند ساڵێکە لە ڕێوڕەسمە نەورۆزییەکاندا بوونەتە هێمای یەکگرتوویی و گەیاندنی پەیامی گەل بە دەسەڵاتی خۆسەپێنی کۆماری ئیسلامی ئێران. خەڵک لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز‌دا بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و گیانفیدایی ڕۆڵە تێکۆشەرەکانیان کە لە پێناو ئازادیی کورد و کوردستان‌دا گیانیان بەخت کردوە، گوڵی سوور پێشکەش بە کەس و کاری شەهیدەکان و یەکتری دەکەن.

لە ڕێوڕەسمەکانی ئەمساڵدا بە نیشانەی بەردەوامیی بزووتنەوەی ژینا - وەک بڕگەیەکی دیار و جێی شانازیی بزووتنەوە گەورەکەی کوردستان - کچان و کوڕانی ئازای نیشتمان بە هەڵگرتنی "مەشخەڵی ڕزگاری"ی خاک و خەڵکی کوردستان، دەیسەلمێنن و سەلماندوویانە کە ژیان لە کوردستان بەگژ مەرگ و کۆنەپەرەستیدا دەچێتەوە. ئەوان بە جل و بەرگی ئاڵاو واڵای کوردییەوە، "جامانە لە مل و هەوری لە کۆڵ" یەکگرتووانە قۆڵ لە قۆڵی یەکتری، پێکوتی هەموو ئەو پیلان و دژایەتیانە دەکەن کە دەرحەق بە نەتەوە و نیشتمانەکەیان دەکرێ.