کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاگواستنەوەی سامان یاسین بۆ بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج

15:17 - 22 رەشەمه 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٠ی ڕەشەمە، سامان یاسین(سەیدی)، هونەرمەندی کوردی خەڵکی شاری کرماشان و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لە نەخۆشخانەی دەروونیی ئەمین ئاباد (ڕازی)ی شاری ڕەی تارانەوە بۆ بەندیخانەی قزڵحساری کەرەج ڕاگوێزرا.

ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی ڕەشەمە، ئەم هونەرمەندە کوردە لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە کە بۆ بەندیخانەی قزڵحسار ڕاگوێزراوەتەوە.

ڕۆژی سێشەممە، ١٥ی ڕەشەمە، سامان یاسین هونەرمەندی کوردی خەڵکی شاری کرماشان و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لە بەندیخانەی قزڵحساری کەرەجەوە بۆ نەخۆشخانەی دەروونیی ئەمین ئابادی شاری ڕەی تاران ڕاگوێزرا.

ئەم گۆرانیبێژە کوردە حەفتەی ڕابردوو ڕوو لە بەرپرسی هێزی دادوەری سەبارەت بە ناڕووونیی چارەنووسی خۆی لە بەندیخانە ناڕەزایەتیی دەربڕی و نووسیبووی: من سامان یاسین (سەیدی)، ١٨ مانگە کە لە بەندیخانەکانی تاران و کەرەج هاتوچۆم پێ دەکرێ و چارەنووسم ناڕوونە و بە بێ هیچ بەڵگەیەک لە بەندیخانە ڕاگیراوم. لەم ١٨ مانگەدا چەندین جار کاتی دادگاییم بۆ دیاری کراوە بەڵام بەڕێوە نەچووە. کێشەی دەروونی و جەستەییم هەیە و بەرپرسانی بەندیخانەش بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانم ناکەن."

پاش هەڵوەشانەوەی حوکمی لەسێدارەدرانی سامان یاسین لە دیوانی باڵای ڕێژیمدا، تۆمەتەکانی ئەم گۆرانیبێژە "کۆبوونەوە بە مەبەستی ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی نەتەوەیی وڵات"، و "هەڵگرتنی چەک بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی گشتی" ڕاگەیەندران.

ئەم گۆرانیبێژە کوردە پێشتر بە "موحاربە" تۆمەتبار کرابوو و دواتر لەم تۆمەتە بێتاوان ناسرا.

سامان یاسین ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٧ی ڕێبەندانی ١٤٠١ بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە ناڕوونیی چارەنووسی خۆی لە بەندیخانەی ئێڤین، مانی لە خواردن گرت و پاش یەک حەفتە لەسەر داوا و پێداگریی بنەماڵە و هاوبەندییەکانی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.

سامان یاسین لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەزبەر، لە پەیوەندی لەگەڵ خۆپێشاندانە سەرتاسەرییەکان لە شاری تاران دەسبەسەر کرابوو.

"سامان یاسین" هونەرمەندی کرماشانی گۆرانی‌گەلێکی زۆری لەمەڕ دۆخی کۆمەڵایەتی - سیاسیی کۆمەڵگای کوردستان و ئێران وتووە و هەروەها پشتیوانی لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی خەڵکی ئێران کردبوو.