کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێک بە بەشداریی کاک مستەفا هیجری لە پارلمانی وڵاتی دانمارک

10:37 - 12 رەشەمه 2723

ڕۆژی هەینی، ١١ی ڕەشەمە (١ی مارسی ٢٠٢٤)، سێمینارێک بە ناونیشانی "ئێران لە ڕوانگەی کوردەکان، بارودۆخی ڕۆژھەڵاتی کوردستان و داھاتووی کورد لە ئێراندا" لە پارلەمانی وڵاتی دانمارک و بە بەشداری بەڕیز مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو.

ئەم سێمینارە لەلایەن بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک و بە ھاوکاریی پارتی لیستی یەکگرتووی گەلی دانمارک، لە چەند تەوەری جیاوازدا بەڕێوەچوو.

پاش بەخێرهاتنی میوانەکان لەلایەن هەژار دەشتی، نوێنەری پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دانمارک، لەلایەن سوورەن سۆندێرگارد، نوێنەری پارتی لیستی یەکگرتووی گەل لە پارلمانی دانمارک باسێک لەسەر زوڵم و زۆری داگیرکەرانی کوردستان لە بەرانبەر گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شۆڕشی "ژینا" پێشکەش کرا.

دواتر لەلایەن دەنیز سیرینجی بەرخوەدان، باسێک لەسەر شۆڕشەکانی کورد لە کوردستانی ئێران و پشتگیریی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێفراندۆمی باشووری کوردستان پێشکەش کرا.

لە بڕگەیەکی دیکەدا بەڕێز مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر سیاسەتی حیزبی دێموکرات و ڕوانگەی حیزب لە پەیوەندی لەگەڵ پرسی کوردستان و داهاتووی ئێراندا وتارێکی پێشکەش کرد.

دواتر خاتوو سەحەر حیسامی چالاکوانی بواری ژنان، وتارێکی لەسەر بارودۆخی ژنان و چالاکوانانی بزووتنەوەی ژنان لەژير دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە تایبەتی لە شۆڕشی "ژینا"دا پێشکەش کرد.

 دواتر جەلال قادری بەرپرسی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دانمارک، بارۆدوخی لاوان و بزووتنەوەی لاوانی لەژير دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا خستە بەر باس.

پاشان خالید ڕەواندووست، لەلایەن ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، باسێکی لەسەر زیندانییانی سیاسی لە ئێراندا پێشکەش کرد.

دواتر خاتوو ئەوین حەیدەریان لەسەر دۆخی ژنان لە سەرەتا و ئێستای شۆڕشی "ژینا" لە کوردستاندا بۆ بەشداران دوا و تیشکی خستە سەر بارودۆخی زمانی کوردی لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا.

بڕگەی کۆتایی سێمینارەکە تەرخان کرابوو بۆ پرسیار و وڵام کە بەپێی دەرفەت بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان و سوورەن سۆندێرگارد، نوێنەری پارلمانی دانمارک، وڵامی پرسیاری بەشداربووانیان دایەوە.