کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا/ بەشداریی نوێنەری حیزب لە پەنێلێکی تایبەتی زانکۆی جۆرج تاون

19:47 - 23 رەشەمه 2723

ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەشەمە( ١١ی مارسی ٢٠٢٤)،  ئارش ساڵح، نوێنەری حیزب لە ئامریکا بەشداریی لە پانێلێک بۆ باس و لێکۆڵینەوە لەسەر پرسی ئاسایشی نەتەوەی کورد لە زانکۆی جۆرج تاون کرد.

ئەم پانێلە لەلایەن ئەنجومەنێکی خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆی جۆرج تاون بۆ باسکردن لەسەر کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەڕێوە چوو. بەشدارانی ئەم پەنێلە بریتی بوون لە  ئارەش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئەمریکا، تریفە ئەزیز نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەمریکا، گران ئۆزجان بەڕێوەبەری دەزگای ئاشتی کورد و بەرپرسی پێوەندییەکانی پێشووی هەدەپە لە ئەمریکا و خاتوو سینام محەممەد نوێنەری ئیدارەی خۆسەری ڕۆژاوا.

لەو پانێلەدا باسی کێشەی کورد لە هەر بەشێک لە کوردستان لە ڕابردووەوە هەتا ئێستا کرا و پاشان کورد بەگشتی وەکوو فاکتەرێکی کاریگەر لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا باسی لێ کرا و دواتریش ئاڵنگارییەکانی هەر بەشێک خرایە بەر باس و لێکدانەوە.

نوێنەری حیزب، ئارەش ساڵح، سەرەتا بە ئاماژە بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان و ھەروەھا پەسندکردنی ئاڵای کوردستان و سروودی نەتەوەیی و پێکهاتنی هێزی پێشمەرگە باسی لەوە کرد کە ناسیوناڵیزمی کورد بەو شیوازەی کە ئەمڕۆ ئێمە ئەیناسین و بەو دامەزراوانە کە بڕبڕەی پشتی ئەو ناسیۆناڵیزمەن لە ڕاستیدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. ناوبراو پاشان پەرژایە سەر دوواین ئاڵوگۆرەکان و وەبیر بەشداربووانی ھێنایەوەە کە شۆڕشی ژینا لە کوردستانەوە سەرچاوەی گرت و ئاماژەی بەوە دا کە ئەم ڕووداوانە و ڕۆڵیک کە حیزب لە بەتواناکردنی کۆمەڵگای کوردستان گێڕاویەتی دەرخەری کاریگەریی کورد و بەتایبەتی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدان.

نوێنەری حیزب لە ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا کە لە کاتی ئێستادا گرینگترین دوژمنی کورد لە ناوچەکە کۆماری ئیسلامییە و ئەو دوژمنایەتییە ئەگەڕێتەوە بۆ دووهۆکار؛ یەکەمیان ئەوەی کە کورد لەمپەرێکی بەهێزە لە بەرامبەر ئەو داوخوازانەی ناسیوناڵیزمی ئێرانی بۆ ژێر کونتڕوڵ خستنی ڕۆژهەڵاتی ناوین و زیندووکردنەوەی ئێمپراتوریی پارس لە کردەوەدا و هەروەها کورد چ بە ڕێکخراوەکانی و ئەزموونەکەی لە ڕۆژهەڵات چ لە باشوور و لە ڕۆژاوا نموونەی کارکردنی دێموکراسی لە بن گوێی ئێرانێکی دیکتاتۆرین. هەر بۆیە حکوومەتی ئێران بەردەوام هەوڵ ئەدات کە هەموو هەوڵەکان و قەوارەکانی کورد لە ناوچەکە چکۆلە بکاتەوە و لە ناویان بەرێت.

لە کۆتاییدا بەشداربووانی پانێلەکە وڵامی پرسیارەکانی بەشداربووانیان دایەوە.

یەکێک لە باسە سەرەکییەکان لە پرسیارەکاندا چۆنیەتیی کارکردنی حیزبەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەڵاواردنەکانی ناو کۆمەڵگا بۆ وێنە سەرکوتی پێکهاتەیی ناو کەلتووری کۆمەڵگای کوردستان بوو، ئەمە دەرخەری ئەوە بوو کە بۆ بەشداربووان گرینگ بوو کە بزانن کە ئەو حیزبانە چ هەنگاوێکی عەمەلییان هەبووە بۆ بەشداریکردنی ژنان و کەمینەکان لە دەسەڵاتدا.