کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی هەیئەتی حیزب لە کۆبوونەوەی پارلەمانی سویس

11:12 - 12 رەشەمه 2723

ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ی ڕەشەمە(٢٩ی فێوریەی ٢٠٢٤ی زایینی)، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهاتوو لە هاوڕێیان، چیمەن بارام میرزا، بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە سویس، هێژا مەنگوڕ نوێنەری حیزب بۆ پێوەندییە بیانییەکان، ساڵح محەممەدپور و کامیل محەممەدئەمینی لە کادرە لە مێژینەکانیی حیزب لە سویس سەردانی پارلەمانی وڵاتی سویسی کرد و لە کۆبوونەوەیەکی کراوەی پارلمانی ئەو وڵاتەدا بەشداریی کرد.

هەیئەتی حیزب کە لەلایەن بەشی پێوەندییەکانی پارلەمانی سویسەوە بانگهێشتی ئەو کۆبوونەوەیە کرابوون لە میانەی بەرنامە و پرۆگرامەکانی پارلەماندا چەند دیدارێکیان لەگەڵ بەرپرسان ڕێک خست کە مەبەست لەو سەردانە ئاشنا بوونەوەی زیاتر لەگەڵ چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی پارلەمان و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی فیدراڵی سویس بوو.

هێژا مەنگوڕ، نوێنەری حیزب بۆ پێوەندییە دەرەکییەکان لە وڵاتی سویس، لەو بارەوە ڕایگەیاند مەبەست لەو جۆرە بەشداری و دانیشتنانە، ئاشنابوونەوەی زیاتر لەگەڵ کارەکانی پارلمان لە پێوەندی لەگەڵ مافی مرۆڤ و ژیان و گوزەرانی کوردانی دانیشتووی سویس، دروستکردنی لابی بۆ پشتگیری لە دۆزی کورد، دیدار و چاوپێکەوتن و ڕاکێشانی سەرنجی پارلمانتاران و کاربەدەستانی سویسی بۆ بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دوای هەڵگیرسانی جووڵانەوەی ژن ژیان ئازادی، ئاشناکردنی سیاسەتوانانی ڕۆژاوایی لەگەڵ مانیفێست و ڕۆڵی حیزبی دێموکرات لە پشتگیری و کاریگەرییەکانی لەسەر شۆڕشی ژینا و خەبات و ئامانجەکانی حیزبە کە بۆ ماوەی هەشت دەیەیە لە ئێران و کوردستان خەبات بۆ ئازادی و دێموکراسی دەکات.

هەر لەو پێوەندییەدا خاتوو چیمەن بارام میرزا، وەک بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە سویس، باسی لە گرینگی و قورسایی ئەو چاوپێکەوتنانە لەگەڵ کاربەدەستانی دەوڵەتی فیدراڵی سویس کرد و دڵنیایی دا کە ئەو کۆبوونەوانە لە داهاتوودا بەرهەمی باشیان بۆ سازکردنی پێوەندییەکی کارا لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سویسییەکان دەبێ.

 هەیئەتی حیزب لەو کۆبوونەوەیەدا چاویان بە کاتیا کریست، پارلامانتار لەسەر لیستی  لیبراڵ سەوز، فابیان مۆلینا پارلمانتار و ئەندامی کۆمسیۆنی دەرەوەی پارلمانی سویس، فلاڤیا واسێرفالێن نوێنەری کانتۆن بێرن لە پارلمان و چەند نوێنەر و سیاسەتوانی تر کەوت.