کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کاک مستەفا هیجری بەبۆنەی ساڵڕۆژی کیمیابارانی هەڵەبجە

17:13 - 26 رەشەمه 2723

کاک مستەفا هیجری، بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکرات، بەبۆنەی ١٦ی مارس، ساڵڕۆژی کیمیابارانی هەڵەبجە، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

شازدەی مانگی ۳ی زایینی، ٣٦ـەمین ساڵیادی کارەساتی کۆمەڵکوژیی کیمیابارانی هەڵەبجەیە. لەم ڕۆژەدا لە ساڵی ۱۹٨٨ی زایینی لەلایەن حکوومەتی پێشووی عێراقەوە بە بۆمبی کیمیایی هێرش کرایە سەر شاری هەڵەبجە لە باشووری کوردستان. لە ئاکامدا بە گوێرەی زانیارییەکان نزیک بە پێنج هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەم شارە شەهید و دە هەزار کەسیش بریندار بوون.

لەم یادەدا سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی ئەو شەهیدانە و ڕێز دادەنێین بۆ بریندارانی ئەو کارەساتە و هەموو خەڵکی دڵبرینداری هەڵەبجە.

ئەم ڕۆژە هەموو ئەو جینایەت و کۆمەڵکوژییانەمان بیر دەخاتەوە کە دوژمنانی ئازادیی نەتەوەکەمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان ئەنجامیان داوە و لە هەر بەشێک بە شێوەیەک تا ئێستاش درێژەی هەیە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران نموونەیەکی بەرچاوی ئەم حکوومەتانەیە کە لە سەرەتای دەستڕاگەیشتنی بە حکوومەت، بە دەیان هەزار کوردی تەنیا بە تاوانی کوردبوون و مافخوازبوونیان لە ڕێگای کۆمەڵکوژی، تێرۆر، برسیکردن، ئالوودەکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و... کوشتووە و هەزاران کەس لە چالاکانی سیاسیی کوردی خستووەتە زیندانەکان و تەنانەت ڕەحمی بە ژینگە، کولتوور، زمان و مێژووی ئەو خەڵکەش نەکردووە.

جێگای سەرنجە کە ئەم ڕێژیمە تا ئێستا بە دەیان شوێنی نێشتەجێبوونی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی لە هەرێمی کوردستانی باشووریش بۆمباران کردووە و بە بیانووی جۆراوجۆر شوێنی نیشتەجێبوونی ژمارەیەک لە خەڵکی ئەو بەشەی کوردستانیشی کردووەتە ئامانجی مووشەک و درۆنەکانی و بووتە هۆی کوژرانی ژن و منداڵ و وێرانی.

وێڕای یادکردنەوە لە قوربانییانی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە و هەموو شەهیدانی کوردستان، بە تاوانباران و بەتایبەت ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەڵێین کە ئاکامی هەموو ڕێژیمێکی پڕ لە نەهامەتی بۆ خەڵک، هەر هەمان ئاکام دەبێ کە ڕێژیمی بکەری تاوانی هەڵەبجە بەرەوڕووی بوویەوە؛ بۆیە ئەم ڕێژیمە ناتوانێ بە بەکارهێنانی سیاسەتی هەناردەکردنی قەیرانەکانی بۆ دەرەوەو ستەمکردن لە خەڵک درێژە بە حکومەتە سەرەڕۆکەی بدا و ئەوەی سەردەکەوێ بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکە.

 

مستەفا هیجری

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٦ی مارسی ٢٠٢٤