کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: تێرۆری شوعەیب زارعی مەحکووم دەکەین

10:04 - 27 رەشەمه 2723

ناوەندی ئیداریی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا تێرۆری شوعەیب زارعیی بە دەستی تێرۆریستێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحکووم کرد و داوای لە ناوەندە ئەمنیەتی و ئیدارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد پارێزەری تێکۆشەرانی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات لە هەرێم بن.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

هەروەک لە ڕاگەیەندراوی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێراندا هاتوە، دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ٢٦ی ڕەشەمە شوعەیب زارعی، پێشمەرگەی کۆمەڵە لە نیزیک زڕگوێز بەهۆی دەستڕێژی تێرۆریستێکی کۆماری ئیسلامی تێرۆر کرا.

تێرۆری شوعەیب زارعی چوارەمین تێرۆری تێکەشەرانی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودایە. ڕۆژی ١٦ی پووشپەڕی ئەمساڵ دوو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی لوقمان ئاجی و عادڵ موهاجیر لە گوندی هەڵشۆی سەر بە شاری قەڵادزێ و، هەروەها ٢٠ی پووشپەڕ ئەندامێکی دیکەی حیزب بە ناوی سیامەند شابۆیی لە نیزیک ئاوایی بەحرەکەی هەولێر بە دەستی تیمە تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی تێرۆر کران.

هەروەک لە ڕاگەیەندراوەکەی کۆمەڵە هاتوە و حیزبی دێموکراتی کوردستانیش لە ڕاگەیەندراوەکانی پێشووی پێوەندیدار بە دوو کردەوە تێرۆریستییەکەی کۆماری ئیسلامی لە مانگی پووشپەڕدا باسی کردبوو نابێ ڕێگە بە جموجۆڵی تیمە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان بدرێ، بۆیە داوا لە لایەنە سیاسی، ئەمنییەتی و یاساییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە پارێزەری گیانی تێکۆشەرانی سیاسیی ڕۆژهەڵات بن و لەهەمبەر کردەوە تێرۆریستییانەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بێ‌هەڵوێست نەبن. هەروەها بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنییەتی و یاسایی هەم بکەرانی ئەم جینایەتانە لەقاو بدەن و هەم ڕێ لە دووپاتبوونەوەیان بگرن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی تێرۆری شوعەیب زارعی و ڕیسواکردنی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوخەمیی خۆی بە بنەماڵە و هاوسەنگەرانی کاک شوعەیب لە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ڕادەگەیەنێت.

 

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی ئیداری

٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٢