کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید/ کۆبوونەوەی هەیئەتی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ هەیئەتی سۆسیال دێموکراتەکان

18:55 - 27 رەشەمه 2723

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەشەمە (١٣ی مارسی ٢٠٢٤)، هەیئەتێکی پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە سوید، بە سەرپەرستیی حەمید تەیموری و بە هاوڕییەتی موژدە عەزیزی هاوکاری پێوەندییە نێونەتەوەییەکان چوونە ناوەندی ئۆلۆف پاڵمە و چاویان بە هەیئەتی سۆسیال دێموکراتەکان خاتوو "پاوڵا ئۆلۆڤسوون" و "ئووتوو ویدمارک" کەوت. ئووتوو ویدمارک هاوکات نوێنەری ناوەندی ئۆڵۆف پاڵمە و ناوەندی سەرەکی سۆسیال دێموکراتەکانیشە.

حەمید تەیمووری دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ هەیئەتی سۆسیال دێموکراتەکان بەرز نرخاند و جەختی لەسەر بەردەوامیی کۆبونەوەکان لە داهاتوودا کردەوە. ناوبراو باسێکی تێروتەسەلی لەسەر هەلومەرجی کوردستان و حیزبی دێموکرات و ڕۆژهەڵاتی ناوین پێشکەش کرد. بەڕێز تەیمووری لە وتەکانیدا باسی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی دژی بارەگا و کەمپەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کرد.

 بەڕێز تەیموری لە درێژەی باسەکەیدا پەرژایە سەر دوایین هەڵبژاردنەکانی ئێران و ڕوونی کردەوە کە خەڵکی ئێران بەگشتی و کورد بە تایبەتی بایکۆتی هەڵبژاردنیان کرد، تەنیا کەمتر لە ٢٥ لە سەدی خەڵک بەشدارییان لە هەڵبژاردندا کرد. ئەوە نیشان دەدا کە ئەو ڕێژیمە ئیتر شەرعییەتی لەنێو خەڵکدا نەماوە. سەرەڕای ئەمانەش باسی زەبروزەنگی ڕێژیمی بۆ سەر مامۆستایان، لاوان، چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد و هەڵکشانی ڕێژەی لەسێدارەدانی لاوانی نەتەوەکانی تر و کوشتن و بریندارکردنی کۆڵبەرانی کوردی کرد.

تەوەرێکی تری باسەکان تایبەت بە دەستێوەردانی ڕژیمی ئاخوندی لە عێراق، سووریە، لوبنان، یەمەن و هەرێمی کوردستان و مووشەکبارانی کەشتییە بارهەڵگرەکان لە دەریای سوور بە فیتی ئێران لەلایەن حووسەیەکانەوە بوو.

پاشان خاتوو موژدە عەزیزی چەند پێشنیاری بۆ بەردەوامبوون و هاوکاریی هەردوو حیزبی دێموکرات و سۆسیال دێموکراتەکان هێنایە بەر باس.

بەرێزان خاتوو پاوڵا و بەڕێز ئووتوو وتیان؛ کە ئێمە ئاگاداری کێشەکانتانین، بەڵام نە بەو وردییەی کە ئێوە باسی دەکەن و رایانگەیاند کە هەردەم پشتیوانی حیزبی دێموکراتن و لە هاوکاری و هاودەردی لەگەڵ ئەو حیزبە درێغ ناکەن. خاتوو پاوڵا وتی؛ "کە ئێمە نێوەڕۆکی ئەم باسانە دەبەینە کۆبوونەوەی خۆمان، واتە سۆسیال دێموکراتەکان و کێشەکان دەخەینە بەر باس و گفتوگۆ. ناوبراو هەروەها وتی کە کێشەی کوردستان و حیزب و ئێران بە گشتی دەکەینە تەوەرێکی تایبەتی و لەسەریان باس دەکەین.

 پاشان هەیئەتی حیزب ڕاپۆرتێکی کورتیان لەسەر ڕووداوەکانی کوردستان و پرۆژەیەکی پێشکەشی هەیئەتی سۆسیال دێموکرات کرد.