کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆڕێک بۆ ساڵڕۆژی کیمیابارانی هەڵەبجە لە پارلمانی سوید

19:00 - 27 رەشەمه 2723

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ڕەشەمە(١٤ی مارسی ٢٠٢٤)، کۆڕێکی ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە پارلمانی سوید بەڕێوە چوو. لەم یادەدا کۆمەڵێک پارلەمانتار و نوێنەری حیزبە سویدییەکان، وەزارەتی دەرەوەی سوید و کۆمەڵێک حیزب و ڕێکخراو و ژمارەیەک کەسایەتیی کورد بەشدار بوون.

لەسەر بانگهێشتی فەرمیی تۆڕی سویدی-کوردی و فێدراسیۆنی کۆمەڵە کوردستانییەکان، حەمید تەیموری نوێنەری پێوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشداری ئەم ڕێوڕەسم و یادکردنەوەیە بوو.

لەم یادەدا بەڕێز "ئوولـلە مۆلێر" بەرپرسی تۆڕی سویدی-کوردی وتەیەکی کورتی لەسەر کیمیابارانی شاری هەڵەبجە و جینایەتی ڕێژیمی بەعس دژی کوردەکان و کێشەی کورد بەگشتی پێشکەش کرد.

پاشان نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرێز شۆڕش قادر باسێکی لەسەر پارێزگای هەڵەبجە و بووژانەوەی ئەو شارە کرد. ناوبراو هەروەها باسی دیداری خۆی لەگەڵ وەزیری ڕۆشنبیری و کولتوریی هەرێمی کوردستان کرد، کە بۆ خۆی خەڵکی هەڵەبجەیە و لە زمان ناوبراوەوە باسی هەستانەوە و بووژانەوەی ئەو شارەی کرد. شۆڕش قادر دوای قسەکانی تابلۆیەکی پێشکەش بە پارلمانتاران کرد کە وێنەی شارۆچکەی تەوێڵە بوو کە لاوێکی هەڵەبجەیی کێشابووی.

دواتر بەرپرسی فیدراسیۆنی کومەڵە کوردستانییەکان بەڕێز "بەرزان کۆچکای" وتەیەکی لەسەر هەڵەبجە و ئەنفالی کورد و چۆنییەتیی هەڵسوکەوتی داگیرکەرانی کوردستانی لەگەڵ کێشەی کورد پێشکەش کرد.

دواتر شەرمین بۆزئەرسەڵان ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کتێبخانەی کوردی وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد و وتی تاکوو دیکتاتۆری لە ناوچەکە و وڵاتانی داگیرکەر هەبێ کێشەی کوردیش بەردەوام دەبێ و هەڵەبجەکان دووپات دەبنەوە.

 دواتر بەڕێز "فرێدریک مالم" وتەیەکی پێشکەش کرد. ناوبراویش باسی کێشەی کورد و کردەوەی داگیرکەران و هەڵەبجە و ئەنفال و مردنی ١٨٠ هەزار کورد و بارزانییەکانی كرد.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەشدا نوێنەری حیزب لەگەڵ پارلمانتاران و کەسایەتییە کورد و سویدییەکان ئاڵوگۆڕی بیروبۆچونیان کرد.

دوا بڕگەی ئەم یادە بە پارچە مۆسیقایەکی نەی کۆتایی پێ هات.