کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەفیلی سیاسیی یووسف ئەحمەدی بەدنکراوی سیاسیی کوردی بە ئێعدام مەحکووم کراو داوای ئازادکردنی ناوبراو دەکات

16:10 - 29 رەشەمه 2723

مارسێل هۆپ، کەفیلی سیاسیی یووسف ئەحمەدی، بەندکراوی سیاسیی کورد کە بە ئێعدام مەحکووم کراوە، لە ڕۆژی جیهانی زیندانیانی سیاسی لە جیهاندا بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام، نووسیویەتی: ''وەک کەفیلی سیاسیی ئەو، داوای ئازادکردنی خێرای یووسف ئەحمەدی دەکەم.''

مارسێل هۆپ  لە درێژەدا وتوویەتی، یووسف ئەحمەدی لە بەر چاوی منداڵەکانییەوە تەقە لە لاقی کراوە و دەسبەسەر کراوە، دواتر بۆ ماوەی چەند مانگێک ئەشکەنجە دراوە و بە دانپێدانانی زۆرەملێ دادگاییکردنی ساختەی بۆ کراوە.

ناوبراو هەروەها نووسیویەتی؛ دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران حوکمی ئێعدامی یووسف ئەحمەدی و  ژمارەیەک لە زیندانییانی سیاسیی دیکەی پشتڕاست کردەوە.

پێشتر ئەو پارلمانتارەی ئەڵمان لە وڵامی پشتڕاستکردنەوەی حوکمی لەسێدارەدانی یووسف ئەحمەدی لە دیوانی باڵای رێژیمدا نووسیبووی: ''بێ تاوانە و بە ناڕەوا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە''.

ناوبراو هەروەها باسی لە ئەشکەنجە جەستەیی و دەروونییەکانی یووسف ئەحمەدی لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان کرد و وتوویەتی کە ئەم زیندانییە سیاسییە لە دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر ڕێگری لێ دەکرێت و هەموو پێوەرە یاساییەکان و مافە نێودەوڵەتییەکان لە دۆسیەکەیدا پێشێل کراون.

یووسف ئەحمەدی تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی شاری بانە، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی بانەمەڕی ١٣٩٩ بە شێوەیەکی دڕندانە دەسبەسەر کرا و دواتر بە تۆمەتی "بەغی"  بە هۆی هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم  سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.

هاوکات لەگەڵ یووسف ئەحمەدی، سێ هاودۆسیەی ناوبراو بەناوەکانی محەممەد کەریمی، باست کەریمی و محەممەد فەیزی لەلایەن ئەو دادگایەوە سزای ٦٥ ساڵ بەندکردنیان بەسەردا سەپاوە.