ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەشەمە(١٧ی مارسی ٢٠٢٤)، لەسەر بانگهێشتی لێژنەی پارتی دێموكراتی كوردستان لە سوید، هەیئەتێكی كۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی هاوڕێ نیشتمان عەزیزی، بەرپرسی پەیوەندییە كوردستانییەكان و لەگەڵ بەڕێزان موژدە عەزیزی، بەرپرسی بەشی پەروەردە، مامۆستا ڕەحمان كاژەیی و قادر مێهفەر سەردانی لێژنەی ناوچەی سویدی پارتی دێموكراتی كوردستانیان كرد و لەلایەن هەیئەتێكی لێژنەی پارتی بە سەرپەرستیی كاک عیسا فەیلی، بەرپرسی لێژنە و كاک هێدی بەرپرسی پەیوەندییەكان و كاک عومەر سۆران نوێنەری پارتی لە كۆمیتەی هاوكاری و خاتوو خەبات، زۆر بە گەرمی پێشوازییان لێ كرا.
لەو دیدارەدا هەیئەتی پارتی دێموكراتی كوردستان باسێكی گشتییان لەسەر چەند تەوەری جیاواز لەوانە دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و كێشە و ناكۆكیی و بەربەست و ئاستەنگەكانی حكوومەتی ناوەندی لەسەر هەرێمی كوردستان گەنگەشە كرد.
لە تەوەرێكی دیكەی باسەكانیاندا دۆخی كوردانی وڵاتی سوید و چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی كارەكانی كۆمەڵە و ڕێكخراوەكانی سەر بە فێدراسیۆن و ناوەندی ڕەوەندی كوردی و كۆمیتەی هاوكاریی هێزە سیاسییەكانی كورد و كوردستان كەوتە بەر باس.
دواتر هەیئەتی حیزب لەسەر كۆی باسەكان سەرنج و بۆچوونی خۆیان خستە ڕوو و باسێكی گشتیشیان لەسەر دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی كوردستان و بزووتنەوەی نەتەوایەتی دوای ڕاپەڕینی ژینا كرد كە لەژێر زەبروزەنگی ڕێژیمی ئێران و ملهوڕییەكانی ئەو دەسەڵاتە دیكتاتۆر و فاشیستەدا كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان ڕووبەڕووی گرتن و ئەشكەنجە و ئێعدام دەبنەوە و هێزە سیاسییەكانی ڕۆژهەڵات مووشەكباران دەكرێن و لەوەش زیاتر ڕێژیمی ئێران بۆ پەردەپۆشكردنی كێشە نێوخۆییەكانی نێو جوگرافیای وڵاتی ئێران، دەستێوەردان لە كاروباری وڵاتانی دراوسێ دەكا و نائارامی و ئاڵۆزی و ناكۆكی لە ناوچەكە و جیهاندا بڵاو دەكاتەوە.
هەیئەتی حیزب لە درێژەی باسەكانیاندا پێداگرییان لەسەر یەكگرتوویی و تەبایی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی باشوور كردەوە و داوایان كرد كە هێزە سەرەكییەكانی ئەو هەرێمە بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی لەبەرچاو بگرن و ڕێگە نەدەن دەوڵەتانی دراوسێ بە بیانووی بێ بنەما سەروەریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشێل بكەن و هێزە سیاسییەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستان مووشەكباران و ئەندامانیان تیرۆر بكەن.
هەردوو لایەن وێڕای لێكدانەوەی باسەكان لە ڕوانگەی سیاسەت و بەرنامەی حیزبەكانیانەوە، لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكان و سەروەرییەكانی وەک پاراستنی كیانی كوردی و مانەوەی هێزی پێشمەرگە و ئاڵا و گرنگیی ڕۆڵی خەباتی جووڵانەوەی نەتەوایەتیی هەر چوار پارچەی كوردستان هاوڕا بوون و ئومێدیان خواست كە ئەو دیدار و هاوپێوەندیە درێژەی هەبێ و بەردەوام بێت لە داهاتوودا.