ڕۆژی شەممە ٢٦ی ڕەشەمە(١٦ی مارسی ٢٠٢٤)، لە شاری برێمن و بە هاوکاریی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی چوارپارچەی کوردستان بەبۆنەی تێپەڕینی سی و شەش ساڵ بەسەر کیمیابارانی شاری هەڵەبجە لەلایەن ڕێژیمی بەعسەوە ڕێوڕەسمێک بەڕێوە چوو.
لەکۆڕەکەدا چەندین پەیام و بابەتی پێوەندیدار بە یادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە خوێندرانەوە.
شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کۆمیتەی ئاڵمان بە سەرپەرستی شەهریار نەقشبەندی بەشدارییان لەم ڕێوڕەسمەدا کرد و بەو بۆنەوە وتارێکیان پێشکەش کرد.
شەهریار نەقشبەندی لە قسەکانیدا وێڕای وەبیرهێنانەوەی تاوانکارییەکانی ڕێژیمی بەعس بەرانبەر بە گەلی کورد و بەتایبەتیش بۆمبارانی شیمیایی شاری هەڵەبجە، هاوخەمی و هاوسۆزیی حیزبی دێموکرات و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە بنەماڵەی شەهیدان و زیانلێکەوتووانی ئەو تاوانە و گەلی کورد بەگشتی ڕاگەیاند.
نەقشبەندی لە درێژەی قسەکانیدا وتی:" داگیرکەرانی کوردستان هەرگیز لە دژی گەلی کورد واز لە تاوان و جینایەت ناهێنن و ئەو تاوانانەی هاوشێوەی شیمیاییبارانی هەڵەبجە بە شێوازی تر لە دژی کورد بەردەوامن و بە بەردەوامی هەوڵی سەرکوت و جینۆساید و ئاسێمیلاسیۆنی گەلی کورد دەدەن و هەموو توانای خۆیان بۆ دژایەتیی گەلی کورد بەکار دێنن. لە شۆڕشی ژن، ژیان ئازادیدا، ڕێژیمی دژە کوردی کۆماری ئیسلامی بە شێوەی دڕندانە بەرەنگاری خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان و باقی نەتەوەکانی تری ئێران بووەوە و بە هەزاران کەسی شەهید و بریندار کرد و بە هەزارانی تریشی ڕاپێچی گرتووخانەکانی پڕ لە تاوان کرد و ئەشکەنجەی نامرۆڤانەی کردن".
لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتی کە گەلی کورد دەبێ دەرس لە ڕابردوو وەربگرێ و بۆ بەرەنگاری داگیرکەران و پووچەڵکردنەوەی پیلانە دژییە گەلییەکان، هەوڵی یەکگرتوویی و پێکەوە کارکردنی زیاتر بدات.