کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نۆروێژ/ بەشداریی بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزب لە کۆڕی ڕێزلێنان لە دۆستی کۆچکردووی کورد "ئەرلینگ فۆلکەوۆرد"

00:08 - 4 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی ڕەشەمە(١٩ی مارسی ٢٠٢٤)، دەستەیەک لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حیزب لە وڵاتی نۆروێژ بۆ دەربڕینی هاودەردی و هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵەی کۆچکردوو" ئەرلینگ فۆلکەوۆرد" و هاوڕێیانی ناوبراو لە پارتی سووری نۆروێژ بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی ماڵاوایی و سەرەخۆشیی ناوبراودا کرد. ‌

جەعفەر محەممەدی ئەندامی دێرینی حیزب، مەحبووبە ڕەحیمی، نەما زەریفنام، لەلایەن یەکیەتیی ژنانی دێموکرات لە وڵاتی نۆروێژ و کەریم ئەڵاوەیسی، دلێر خورشیدی و ئیدریس ئابدە لە بەشی پەیوەندییە نۆروێژییەکانی حیزب بە مەبەستی نیشاندانی ڕێز و دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆیان بۆ بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکە و نووسینی دێڕی بیرەوەری لە دەفتەری بیرەوەرییەکانی ئەرلینگ، سۆزی کوردانی ڕۆژهەڵاتیان بۆ زەحمەت و تێکۆشانی بێوچانی فۆلکەوۆرد نیشان دا. 

لەم ڕێوڕەسمەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ بە پێشکەشکردنی چەپکە گوڵێک، ڕێز و پێزانینی حیزبیان بۆ کەسوکار و هاوڕێیانی ئەرلینگ ڕاگەیاند و سپاسی کار و تێکۆشانی ناوبراویان بۆ ناساندنی دۆسییەی کورد لە دنیادا هەر لە سەرەتای ساڵەکانی ١٩٩٠وە  تا کاتی مەرگی کرد.

ئەرلینگ فۆلکەوۆرد چالاکوان، نووسەر و سیاسەتمەدارێکی نۆروێژی بوو کە ساڵانێکی زۆر بە زەحمەت و تێکۆشانی زۆر هەوڵی ناساندنی کێشەی کورد لەنێو کۆمەڵگەی نۆروێژی دا. ناوبراو لە دامەزرێنەرانی دەستەی دۆستانی کورد لە پارلەمانی نۆروێژ لە ساڵەکانی ١٩٩٠ بووە و دواتریش بە نووسینی کتێب و کاری ڕێکخراوەیی تا کاتی مەرگی لە ناساندنی کێشەی کورد لە وڵاتی نۆروێژ بەردەوام بوو. ئەرلینگ لە مانگی مارسی ٢٠٢٤دا بە نەخۆشییەکی لەناکاو لە باژێری ستۆکهۆلم کۆچی دوای کرد.