کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نۆروێژ/ كۆمیتەی كولتووریی كورد سەردانی كۆمیتەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێلیان كرد

00:09 - 4 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەشەمە(١٨ی مارسی ٢٠٢٤)، هەیئەتێک لە کۆمەڵەی کولتووریی کورد لە وڵاتی نۆرویژ پێکهاتوو لە بەڕێزان، قادر عەزیزبەیگی، کامیل قادری، مریەم عەلیپوور و کلارا ڕەسووڵی، سەردانی کۆمیتەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێلیان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا دوای ناساندنی هەیئەتی کۆمەڵەی کولتووری، پێناسەیەک لەو ڕێکخراوە بۆ کۆمیتەی ناوبراو باس کرا و هەروەها ئاماژە بە کۆمەڵێک زانیاری و کار و چالاکیی ئەم کۆمەڵەیە کرا کە بۆ خزمەت بە نەتەوە و کولتووری کورد لە وڵاتی نۆرویژ پێک هاتووە و لەو ڕاستەیەدا کار دەکات.

دواتر لەلایەن هەیئەتی کۆمەڵە کولتوورییەوە باسێک لەسەر کێشەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرا و لەو باسەدا ئاماژە بەوە کرا کە نەتەوەی کورد لە ئێران‌دا یەکەم قوربانیی دەستی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەژێر دەیان ناو و بیانووی بێبنەما ڕۆڵەکانی کورد دەسبەسەر دەکەن و لە کۆتاییدا بە بێ پارێزەر لە دادگایەکی چەند خۆلەکیدا تاوان و سزای درێژماوەیان بەسەردا دەسەپێنن و تەنانەت زۆربەشیان بە تۆمەتی دژایەتی لەگەڵ ئیسلام و دەسەڵات لە سێدارە دەدرێن.

لە بەشێکی دیکەی دانیشتنەکەدا باس لە سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا کرا، کە دەسەڵاتداران چۆن بە بیانووی ئەوەی کە ژینا ئەمینی یاساکانی ئیسلامی واتە حیجابی زۆرەملێی ڕەچاو نەکردبوو، بە شێوەیەکی نامرۆڤانە شەهیدی دەکەن و دواتر مەرگی ژینای کوردان دەبێتە هەوێنی خۆپیشاندانێک کە هەموو شار و ناوچەکانی ئێران بەگشتی دەگرێتەوە و هەر لەو پێوەندییەدا لە هەموو وڵاتانی دونیا دژی ئەو جینایەتە خۆپێشاندانی بەرین وەڕێ خرا.

لە نێوخۆی ئێران و بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژێم بە هەزاران کوڕ و کچی گەنج و مێرمنداڵ و تەنانەت خەڵکی بە تەمەنی ئەو وڵاتەیان لەسەر شەقامەکان خەڵتانی خوێن کرد، کە هەر بەگوێرەی ئامارەکانی ڕێژیم زیاتر لە ٢٠ هەزار کەسیان دەسبەسەر کرد کە بەشیک لەو بەندکراوانە دواتر یا لە سێدارە دران یا دوای ئازادبوونیان لە بەندیخانەکان بە هۆی ئەو گوشارە ڕۆحی و ڕەوانییەی کە لەژێر ئەشکەنجەدا بە سەریاندا سەپابوو، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

لە کۆتاییدا کۆمیتەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل وێڕای ئەوەی خۆشحاڵیی خۆیان لەو دیدار و چاوپێکەوتنە دەربڕی، پێشنیاریان کرد بۆ بەردەوامبوونی ئەو کۆبوونەوانە و بە مەبەستی زیاتر ئاشنابوون لەگەڵ پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمەڵێک زانیارییان بە هەیئەتی کۆمەڵەی کولتووریی کورد دا تاکوو لە داهاتوودا ئەو پێوەندییان هەر بەردەوام بن.