ڕۆژی چوارشەممە١ی خاكەلێوە(٢٠ی مارسی ٢٠٢٤)، كوردستانییانی نیشتەجێی شاری ستۆكهۆڵم لە وڵاتی سوید بەبۆنەی نەورۆز و نوێبوونەوەی ساڵی كوردی ڕێوڕەسمێكیان بەڕێوە برد.
لە بڕگەی یەكەمی ڕێوڕەسمەكەدا پەیامی هەر یەک لە فێدراسیۆنی كۆمەڵە كوردستانییەكانی سوید و ناوەندی ڕەوەندی كوردی و كۆمیتەی هاوكاریی هێزە سیاسییەكانی كورد و كوردستانی و هەروەها پەیامێک لەلایەن دانیەل كاسترۆ ئەندامی پارلەمانی سوید لەسەر لیستی پارتی سۆسیال دێموكرات پێشكەش كران.
لە پەیامەكاندا ڕۆڵی خەباتی كورد و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان بۆ زیندوومانەوە و بەرزڕاگرتنی یاد و بۆنە نەتەوەییەكان بایەخدار وەسف كرا و وێڕای پیرۆزبایی ئەو ڕۆژە مێژووییە هیواخوازی یەكگرتوویی هێز و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان بۆ گەیشتن بە ئاواتی سەركەوتنی یەكجاری دۆزی ڕەوای گەلی كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان بوون.
لە بڕگەی دووەمدا ئاگری نەورۆز لەلایەن چوار مەشخەڵ بەدەست و وەک نوێنەرانی هەر چوار پارچە و پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان هەڵ كرا و گۆڤەند و دیلانی بەشداران دەستی پێ كرد.
بەشێک لە ئەندامانی حیزب لەو شارە بە نیشانەی هاوسۆزی و پشتیوانی بۆ خەڵكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان نمایشی جامانە و ئاڵای كوردستانیان هاوشێوەی خەڵكی ڕۆژهەڵات، پێشكەش كرد.