کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکاتلەند/ بەڕێوەچوونی ڕێوڕيسمی نەورۆزی مەشخەلانی ڕزگاری

10:59 - 4 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی چوارشەممە، ١ی خاکەلێوە(٢٠ی مارسی ٢٠٢٤)، ماڵی کوردان لە وڵاتی سکاتلەند لە شاری گلاسگۆ ڕێوڕەسمی نەورۆزی لەژێر ناوی  نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری  بەڕێوە برد.

سەرەتای بۆنەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەستی پێ کرد و دواتر ھاوڕێ سیامەک فەرداد وەک پێشکەشکاری بۆنەکە ھەڵبەستێکی خوێندەوە و داوای لە بەرپرسی کۆمیۆنێتی عەدنان شەمدین کرد تا وتارەکەی پێشکەش بکات.

عەدنان لە ناواخنی وتارەکەیدا داوای لە کوردانی دانیشتووی سکاتلەند کرد تا یەکگرتوو بن و بتوانن کومیۆنێتیەکی بەھێز بونیاد بنێن کە ببێت بە ئەدرەسێک بۆ ئەوانەی خوازیارن لەسەر کورد و کوردستان زانیاریان دەست بکەوێت.

دواتر داوا لە کێتی سۆوان ئەندامی سکۆتیشی کۆمیۆنێتی کرا تا پەیامێک بە ئینگلیسی پێشکەش بکات.

کێتی لە پەیامەکەیدا پیرۆزبایی نەورۆزی کرد و ئاماژەیەکی بچووکی بە مێژوی نەورۆز کرد ، ھەروەھا لە بەشی کۆتایی پەیامەکەیدا ھیوای سەرکەوتنی بۆ گەلی کورد خواست.

ڕێوڕەسمەکە بە بە کردنەوەی ئاگر وەک ڕەمزی نەورۆز و بەگژداچوونەوەی داگیرکەر و ھەروەھا بە گۆرانی و دیلان و ھەڵپەرکێ  بە دەوری ئاگرەکەدا بەدەوام بوو.