کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید/ بەشداریی هەیئەتی حیزب لە ڕێوڕيسمی نەورۆز لەسەر بانگهیشتی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

11:11 - 4 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی خاکەلێوە(٢١ی مارسی ٢٠٢٤)، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی سوید، هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی هاوڕێ نەبەز عەلیدووست، بەرپرسی کۆمیتە و بە هاوڕێیەتی خاتوو نیشتمان عەزیزی، کەریم جاف و عینایەت دەشتی ئەندامانی کۆمیتە و حەمید تەیمووری نوێنەری پەیوەندییە بیانییەكانی حیزب لە سوید، بەشدارییان لە ڕێوڕەسمێکدا کرد کە لەلەیان ئەو نوێنەرایەتییەوە لە مۆزەخانەی مێژوویی سوید لە شاری ستۆکهۆڵم پێتەختی ئەو وڵاتە ڕێکخرابوو.

ڕێوڕەسمەکە بە وتەیەک لەلایەن شۆڕش ڕەحیم قادر بەرپرسی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە وڵاتانی ئێسکاندیناوی دەستی پێ کرد. پاشان زانایەکی زەردەشتی کورتەیەکی سەبارەت بە نەورۆز و ڕەسانەیەتی و چاوگەی میژوویی ئەم بۆنە نەتەوەییە بۆ بەشداربووان باس کرد.  

میوانانی ئەم بۆنەیە نوێنەرانی زۆرێک لە حیزبە کوردی و کەسایەتییە سیاسی، ئەدەبی  و هونەرییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان و کۆمەڵێکی بەرچاو لە پارلەمانتارانی پارلمانی سوید و پارلەمانی ئورووپا و نوێنەرانی حیزبە سیاسییەکانی سوید  و حیزبە بیانییەکان بوون کە بەشدارییان لەو بۆنە نەتەوەییەدا کردبوو. 

لە پەراوێزی ئەم ڕێوڕەسمەدا هەیئەتی کومیتەی حیزب توانی لە نێزیکەوە لەگەڵ بەشێک لە نوێنەری حیزبە سیاسییە کوردی و سویدییەکان و کەسایەتییەکان دیدار و چاوپێکەوتن بکات.

هەیئەتی کۆمیتەی حیزب هەم لەلایەن نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم و هەم لەلایەن بەشێکی زۆر لە کەسایەتییە سیاسی و هونەری و ئەدەبییەکانەوە بەگەرمی پێشوازییان لێ کرا.