ڕۆژی چوارشەممە ١ی خاکەلێوە (٢٠ی مارسی ٢٠٢٤)، ڕێکخراوە کولتوری و مەدەنییەکانی شاری تورکو بۆ بەرزڕاگرتنی بۆنەی نەورۆز و هاتنی ساڵی نوێ ئاگری نەورۆزیان کردەوە.
بۆنەکە بە ئاهەنگ و شادی و بە بەشداریی کوردانی هەموو بەشەکانی کوردستان کە لە شاری تورکو و دەوروبەری نیشتەجێن بەڕێوە چوو.
سەرەتا خاتو زولەیخا دیباجی و ئەفشین وەیسی بە هەر دوو زمانی کوردی و فینلاندی بەخێرهاتنی بەشداربوانیان کرد و دواتر پەیامی ڕێکخراوەکانی پێکهێنەری جێژنی نەورۆز کە بریتی بوون لە: کۆمەڵەی کولتوریی تورکو، کۆمەڵەی وێژە و هونەری کوردی، ڕێکخراوی فینکورد، فێدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆڕای کوردستان، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ڕەوەندی کوردی، لەلایەن کاک سەید خدر میرسەیدی خوێندرایەوە.
پاشان میکا ماسکۆڵا(Mika maaskola) سەرۆکی شارەوانی و هەروەها ماری لاهتی(Mari Lahti)سەرۆکی سۆسیال دێموکراتەکانی تورکو پیروزبایی خۆیان بەبۆنەی جێژنی نەورۆز بە ئامادەبووان ڕاگەیاند و باسی دەور و نەخشی کوردانی شاری تورکو لە هەڵبژارنەکانی شاڕەوانی و هەروەها هەڵبژاردنەکانی ئورووپایان کرد و بەشداریی کوردیان بە گرینگ زانی.
دواتر بە کردنەوەی ئاگری نەورۆز و مۆسیقا و شادی و هەڵپەڕکێ و خواردنی کوردەواری، رێوڕيسمەکە کۆتایی پێ هات.