کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کاک مستەفا هیجری سەبارەت بە بەشداریی بەشکۆی خەڵكی خوارووی خۆرهەڵاتی کوردستان لە نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری

23:53 - 4 خاکەلێوه 2724

کاک مستەفا هیجری بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی بەڕێوەچوونی بەشکۆی نەورۆزی ئەمساڵ لە ناوچەکانی خوارووی خۆرهەڵاتی کوردستان پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

کوردستانییانی هێژا؛

لە ڕۆژانی پێش هاتنی نەورۆز لە پەیامێکدا پیرۆزبایی نەورۆزم ئاراستەی ئێوەی خۆڕاگر کرد. بەڵام ئەوەی وای کرد جارێکی تر چەن ڕستەیەک لەو بوارەوە بڵێم، ئەو جۆش و خرۆشەی ناوچەکانی خوارووی خۆرهەڵاتی کوردستانە.

ئەم نەورۆزە لە زۆر ڕەهەندەوە نەورۆزێکی تایبەت بوو، لە هەمووان تایبەتیتر حەماسەتێک بوو کە کوردستانییانی پارێزگاکانی ئیلام و کرماشان بە نەورۆزی ئەمساڵیان بەخشی. لێرەوە دەمهەوێ بڵێم، دەرکەوتن و حەماسەتێک کە لە خۆتان پێشانتان دا، دونیایەک ورە و ئیرادەی بە بزاڤی ڕزگاریخوازیی کوردستان بەخشی. ئەو ڕێزە کوردستانییە کە لە خۆتان پیشانتان دا، ئیرادەیەک بوو کە ڕێژیمە پاوانخوازەکان بۆ دەیان ساڵە ویستوویانە ڕێگریی لێ بکەن و نەهێڵن ئێوە خۆتان بە کورد و کوردستانی بناسێنن. بەڵام یەکانگیریی ئێوە لە نەورۆزی ئەمساڵدا سەلماندی کە بەشێکی هەمیشەیی و دانەبڕاوی نیشتمانن.

نەورۆزتان پیرۆز و بمێنن بۆ کوردستان!

 

مستەفا هیجری

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤ی خاکەلێوەی ١٤٠٣