کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سزادرانی بەندکراوێکی بزووتنەوەی ژینا بە ٢١ مانگ بەندکران بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکییەوە

11:45 - 13 رەشەمه 2723

جێبەجێکرانی سزای ٢١ مانگ بەندکرانی مەهوەش تەوەسولی لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکی لە ڕۆژی ٧ی ڕەشەمەوە دەستی پێ کردووە.

کوردپا بە پشتبەستن بە نموونەیەک لە نووسینە دادوەرییەکان سەبارەت بە سزای مەهوەش تەوەسولی کە بە دەستی گەیشتووە ڕایگەیاندووە کە لقی یەکی جێبەجێکاری سزاکانی دادسەرای گشتی و ئینقلابی پیرانشار بە بەندیخانەی ورمێی ڕاگەیاندووە کە زۆرترین سزای ٢١ مانگ بەندکرانی مەهوەش تەوسولی بە پێبەندی ئێلێکترۆنیکی لە پیرانشار جێبەجێ بکا.

ڕۆژی ٥ی خەرمانانی ١٤٠٢، دادگای ئینقلابی پیرانشار، مەهوەش تەوەسولیی بە تۆمەتەکانی کۆبوونەوە دژی ئەمنییەتی نەتەوەیی بە ٢١ مانگ بەندکران، ئەندامەتی لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕێژیمی ئێران بە ٢٠ مانگ بەندکران و پڕوپاگەندە دژی نیزام بە ٤ مانگ بەندکران سزا دا.

هەر لەم پێوەندییەدا، هاوسەری ناوبراو بە ناوی جووتیار ئەشرەفزادە، هەر بەو تۆمەتانە بە ٣ ساڵ بەندکران سزا دراوە.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٨ی ڕەزەری ١٤٠١، جووتیار ئەشرەفزادە و مەهوەش تەوەسولی بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە هۆی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و بە کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەیان، بە دانانی بارمتە ئازاد کران.