کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی، دوو ژنی چالاکوانی کورد، بۆ ماوەی ٢٣٥ ڕۆژ دەسبەسەر کراون

10:50 - 6 خاکەلێوه 2724

هێزەکانی ڕێژیمی ئێران ماوەی چەند مانگێکە وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی دوو ژنە چالاکوانی کوردیان دەسبەسەر کردووە.

ئەم دوو ژنە زیندانییە سیاسییە کوردە کە لە زیندانی ئێڤیندا دەسبەسەرن، سەرەڕای تێپەڕینی چەند مانگ لە لێپرسینەوە و ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی، هێشتا دەسبەسەرن و چارەنووسیان ناڕوونە.

وریشە مورادی چالاکوان و زیندانیی سیاسی کورد، سەرەڕای ئەوەی ٢٣٥ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنیدا تێپەڕیوە، تا ئێستاش لە زیندانی ئێڤین ڕاگیراوە و چارەنووسی دیار نییە.

هەر لەو پێوەندییەدا، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هێرانای ڕاگەیاندووە، سەرەڕای ئەوەی کە دۆسییەکەی بە تۆمەتی ئەندامەتی لە یەکێکە لە گرووپە دژبەرەکانی ڕێژیم و هەروەها تۆمەتی بەغی، ڕەوانەی لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئەبوولقاسم سەڵەواتی کراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ دادگایەکی بۆ بەڕێوە نەچووە.

هەروەها بڵاو کراوەتەوە کە وریشە مورادی بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج مانگ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیتلاعاتی سنە و ٢٠٩ زیندانی ئێڤین لە تاران بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشاردا بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکردنیەوە تا کۆتایی لێکۆڵینەوەکەی لە مافی هەبوونی پارێزەر بێبەش کرابوو.

پەخشان عەزیزی، چالاکوانی کورد و زیندانیی سیاسی پێشوو، یەکێکی دیکە لەو ژنە زیندانییانەیە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی هەشت مانگ بەسەر دەسبەسەرکرانیدا، هێشتا لە زیندانی ئێڤیندایە و چارەنووسی ناڕوونە.

دۆسییەی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە بە  تۆمەتی ئەندامبوون لە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕێژیم بۆ لقی ٢٦ی دادگای ئینقلاب بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەفشاری ڕەوانە کراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ دادگایەک بۆ ناوبراو بەڕێوە نەچووە.

پەخشان عەزیزی لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ ماوەیەکی زۆر بێبەش کرابوو و دواجار دوای چوار مانگ لێپرسینەوە لە ٢٠ی سەرماوەزی ١٤٠٢ بۆ بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرابوو.

هەروەها تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە کە پەخشان عەزیزی بۆ ئەوەی دان بە ئەندامەتی لە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکاندا بنێت لەلایەن هێزەکانی ڕێژیم لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بووە.

پەخشان عەزیزی بەرامبەر بە ئەشکەنجەدانی هێزەکانی ڕێژیم بۆ قەبووڵکردنی ئەو تۆمەتە و دانپێدانانی تلویزیۆنی بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک و بە ڕەتکردنەوەی هەموو تۆمەتەکانی مانی گرتبوو و ڕایگەیاند کە چەند ساڵێک وەک توێژەری کۆمەڵایەتی و وەرگێڕ لە ناوچە جەنگییەکان لە ڕۆژاوای کوردستان چالاکی هەبووە.

پەخشان عەزیزی، خەڵکی مەهاباد، ١٣ی پووشپەڕی ١٤٠٢، و وریشە مورادی خەڵکی شاری سنە لە ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٢ لە ایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و تا ئێستا لە زینداندان و چارەنووسیان ناڕوونە.