کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی چەند هاووڵاتی پاش بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز

12:25 - 6 خاکەلێوه 2724

دوابەدوای بەڕێوەچوونی رێوڕەسمە نەورۆزییەکان لە شار و گوندەکانی کوردستان، ڕێژیم بە مەبەستی ترساندنی خەڵک و پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی باقی ڕێوڕەسمەکان، دەستی بە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان کردووە.

ئارمان ساعددپەنا، هونەرمەندی کوردی خەڵكی سنە لە ڕێوڕەسمی نەورۆزی گوندی "ئەوێهەنگ" لە ڕۆژی هەینی ٣ی خاکەلێوەی ١٤٠٣دا بە وتنەوەی سروودێکی حەماسی لە نێو ڕێوڕەسمەکەدا ڕایگەیاندبوو: ئیزن نادەن گۆرانی بڵێم، ڕێوڕەسمی نەورۆزی هەر ئیزنی ناوێ.

دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی ئەم هونەرمەندە، هێزەکانی ڕێژیم بە مەبەستی دەسبەسەرکردنی ناوبراو هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی کە نەیانتوانی دەسبەسەری بکەن.

هێزەکانی ڕێژیم پاش پشکنینی ماڵی ئەم هونەرمەندە هەندێک کەرەستەی کەسیی ناوبراو وەک هاردی کۆمپیۆترەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی شەممە ٤ی خاکەلێوە، حەسەن کاکایی هونەرمەندی کوردی خەڵکی بۆکان پاش وتنەوەی سروودی حەماسیی "ئەی وەتەن"، لە ڕێوڕەسمی نەورۆزیی گوندی "ئاڵیکەند"، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە کە هێزەکانی ڕێژیم بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژییەوە ئەم هونەرمەندەیان لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کردووە و لە گرتنگەی ئیتلاعاتی بۆکان لێیان داوە.

حەسەن کاکایی ڕۆژی یەکشەممە ٥ی خاکەلێوە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوەکەی لە گرتنگە ئازاد کراوە.

ڕۆژی یەکشەممە ٥ی خاکەلێوەش، سمکۆ نەسروڵڵاهی، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمی نەورۆزی گوندی "قازڵیان" سەر بە شاری بۆکان لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ئەم هاووڵاتییە تەمەنی ٣٥ ساڵە و باوکی دوو منداڵە.

بنەماڵەی نەسروڵڵاهی بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی کوڕەکەیان سەردانی ئیتلاعاتی بۆکانیان کردووە بەڵام وڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.

بە پیچەوانەی خواستی ڕێژیم، نەورۆزی ئەمساڵ لەژێر ناوی نەورۆزی مەشخەڵانی ڕزگاری بە گوڕو وتینێکی زۆرەوە لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کرا و زۆربەی خەڵک بە هێماکانی وەک هەوری و جامانە بەشدارییان لەم رێوڕەسمانەدا کرد.