ناوەندی کاروباری کۆمەڵایەتیی حیزب: خوێنی بە ناحەقڕژاوی شەهیدانی شاخ و شەقام دەبێتە هەوێن و مایەی ئازادیی گەل
(پەیام بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان)
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!
هاوسەنگەرە خۆڕاگرەکانی شەهیدان!
خەڵکی قارەمان و ژنانی بوێر و هەمیشە لە مەیدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
پشتیوانانی قایم و بەوەفای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان!
ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستانە. ڕۆژی لە سێدارەدانی قازی محەممەد و یارانی لە لایەن ڕێژیمی سەرەرۆی پەهلەوی و ڕۆژی یادکردنەوە لە هەزاران شەهیدی ئەو ئاو و خاک و نیشتمانەیە کە لە سەر پاراستنی شوناس و هۆوییەتی نەتەوەکەیان لەلایەن کۆماری ئیسلامی و کوردنەویستانەوە خوێنیان ڕژایە سەر خاک و شەقامی پیرۆزی کوردستان. هەر بۆیە لەمڕۆژەدا هەم دەبێ لە بەرانبەر ڕوحی نەسرەوتووی گشت شەهیدانی کۆمار و کوردستان و بەتایبەت شەهیدانی شۆرشی ژینا، ژن، ژیان، ئازادی و بنەماڵەی خۆڕاگر و سەربەرزی ئەو شەهیدانە سەری ڕێز و کڕنۆش دابنوێنین و، هەم دەبێ وێڕای سەردانکردنی گڵکۆی پیرۆزی شەهیدان، بنەماڵە سەربەرزەکانیان بەسەر کەینەوە و عەهد و پەیمانیان دەگەڵ نوێ بکەینەوە هەتا ئەوکاتەی ئاوات و ئارەزووی وەدینەهاتووی تێکرای شەهیدان و لە سەرووی کاروانی شەهیدانەوە قازی محەممەد و دکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی وەدی نەهێنین، لە خەبات و بەرخۆدان نەوەستین. پێیان بڵێێن تا ئۆخژن نەخەینە نێو دڵی دایکان و باوکانی جەرگسووتاو و خوشکانی ڕەشپۆش خەبات و بەرخۆدان هەر بەردەوامە. ئەو مەشخەڵەی بە بەهایەکی زۆر، واتە بە خوێنی گشت شەهیدان و بەتایبەت شەهیدانی ڕاپەرینی ژن، ژیان، ئازادی داگیرساوە نەهێڵین بکوژێتەوە و بە گەشاوەیی بیگەیەنینە مەقسەد.
بنەماڵەی رووسووری شەهیدان!
سەرقافلەی کاروانی شەهیدان قازی محەممەدی نەمر لە ماوەی دامەزرانی کۆماردا زۆر دەسکەوتی بەنرخی بۆ گەلی کورد دەستەبەر کرد. مخابن تەمەنی کۆمار زۆر کەم بوو و نەکرا کورد لە سێبەری ئەو دەستکەوتانەدا بحەسێتەوە. بەشێک لەو دەستکەوتانە بریتی بوون لە: بەفەرمی ناساندنی زمانی کوردی و بەکارهێنانی لە قوتابخانەکان و لە ئیدارەکانی کوردستاندا، پێکهێنانی سوپای کوردستان، ناردنی خوێندکار بۆ خوێندن بۆ وڵاتانی دی، گرینگیدان بە ژنان و بەشداریدانیان لە کاروبارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، گرینگیدان بە چاپەمەنی و ڕادەربرینی ئازاد و ئاوردانەوە لە نووسەران و شاعیران و گەلێک دەسکەوتی دیکە. قازی محەممەد گەلێک نەریت و نۆرمی پڕ بایەخی لە کوردستان کردە باو و لەژێر تیشکی ئەو نۆرمە جوانانەدا، بەرچاوڕوونی دا بە گەلی کورد کە دەبێ چارەنووسی خۆی بە دەستەوە بگرێ و وەک نەتەوە بەختەوەر و سەربەستەکانی جیهان خاوەن زمان و کولتوور و خاوەن سەروەری و کیان و نیشتیمانی خۆی بێ.
بەڵام ڕیژیمە سەرەڕۆکان و نەیارانی نێوخۆیی و دەرەوە چاوی دیتنی دەستکەوتەکانی کۆماری کوردستانیان نەبوو، هەر بۆیە محەممەدڕەزا شا فەرمانی گرتن و ئێعدامی قازی محەممەد و هاورێیانی دا و پاش دادگاییەکی ڕواڵەتی لە ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی لە مەیدانی چوارچرای مهاباد لە سێدارەی دان. شا پێیوابوو بە لێدانی سەری ڕێبەرێک، نەتەوەیەک لە ڕیشە وشک دەکات و پرس و مافخوازیی ئەو نەتەوەیە لە کوردستان بنبڕ دەکات. بەڵام نەیزانی نەتەوە نامری و ڕیشەی لەسەر خوێنی شەهیدان دەڕوێتەوە. کورد بەم کارەساتە ناجوانمیرانەیە بە چۆک دانایە و هەمیشە ڕاوەستاو و لەسەر پێ دەمێنێ و ڕێگا و ڕێبازی مەزنپیاوانی وەک قازییەکان و ڕێبەرەکانی دیکەی کورد درێژە دەدا.
خەڵکی خەباتکار و هەمیشە لە مەیدانی کوردستان!
ژنان و لاوانی ژیر و ئازادیخواز!
لە کاتێکدا یادی شەهیدانی سەربەرز و ڕووسووری کوردستان دەکەینەوە کە بێزارییەکی گشتگیری سەرانسەری و نێونەتەوەیی لەدژی ڕێژیمی جینایەتکار و سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی لە ئارادایە و پتر لە هەر کاتێک ئیعتبار و متمانەی ڕێژیم لە نێوخۆی وڵات و لە ئاست نێودەوڵەتیدا کەوتووەتە ژێر پرسیار. پارەکە چەخماخەی هەڵایساندنی ئاگری ڕاپەرین بە کوشتنی ژینا ئەمینی، کچە کوردی سەقزی بە دەست گەشتی ئیرشاد لە تاران لێی درا و ئاگرەکەی لە کوردستان گەشاوە و پاش چەند ڕۆژ بڵیسەی ئەو ئاگرە سەرانسەری کوردستان و ئێرانی داگرت. نەوەی نوێ بوێرانە و وشیارانە و بە هەست بە بەرپرسایەتیکردنەوە شەقامەکانیان تەنی و قینی پەنگخواردوی ٤٥ ساڵ نەهامەتی و ڕۆژڕەشیان بە ڕێژیم ڕشت و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان لە ڕادەبەدەر نیگەران و تووشی سەرلێشێواوی کرد. ڕێژیم بە هۆی دەست و پێوەندەکانییەوە هەوسارپچراوانە و نامرۆڤانە کەوتنە نێو ئاپۆرای خەڵکی تووڕە و ناڕازی لە دەسەڵات و، بە هەر شێوەیەک کە بۆیان لوا دەستیان نەپاراست و دەستڕێژیان لە ڕیزی یەکگرتووی خەڵک دەکرد و قەڵافەتی ژنان و پیاوانی مافویستیان خستە سەر ئەرز. ژمارەیەکی یەکجار زۆر لە ڕۆڵەکانی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێران بە تایبەت گەلی بەلووچ شەهید و بریندار کران و ئەوجار بە شێوەیەکی دڕندانە کەوتنە گیانی خەڵک و ژمارەیەکی زۆر لە کوڕان و کیژان دەسبەسەر کران و خرانە زیندان و ژێر سەختترین ئەشکنجە و بەشێکیان ئێعدام کران و بەسی زۆریشێان حوکمی زیندانی درێژخایەنیان بە سەردا سەپا.
ئێستا کە ساڵ و نیوێک لە ڕاپەرینی نوێی گەلانی ئێران تێدەپەرێ، کۆماری ئیسلامی لەلای بیروڕای نێودەوڵەتی و وڵاتان نەکهەر بێزراوە، بەڵکوو بەردەوام و بەجیدی خراوەرە ژێر قورسترین گەمارۆی ئابووری و سیاسی. ژنان، سیاسەتمەداران، هونەرمەندان، نووسەران و کەسایەتییە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەی جۆراوجۆر بە هۆی نەپاراستنی بە گشتی مافی مرۆڤ و ڕێوشوێنە ئەخلاقییەکان و بە تایبەت ئێعدامی زۆر و زەوەندی لاوان، بەدژی کۆماری ئیسلامی دەنگیان بەرز کردوتەوە و ناڕەزایەتی توندیان دەربریوە. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە بێگوێدان بەو ئێعترازانە، بەردەوام سەرکوت و ئێعدامی خەڵک درێژە دەدا. ئەو ڕەفتارە دژیمرۆڤانەی ڕێژیم نە تەنیا نەیتوانیوە پاشەکشە بە خەڵک بکەن، بەڵکوو ژنان و لاوانی بوێر و خۆڕاگری کوردستانی سوورتر و یەکگرتووتر کردوە. هەر وەک بۆ پێشوازیکردن و ڕێزگرتن لە چوارشەممەسووری و نەورۆزی پیرۆزی مەشخەڵانی ٢٧٢٤ی کوردی بە جلوبەرگی ئاڵاوواڵای کوردی و جامانە و هەوری و هەڵپەڕین و شایکردن شکۆی خەڵکمان لە شەقامی شار و گوندەکانی کوردستاندا دیت کە چۆن دیسان بە شکۆی خۆیان ترسیان خستە دڵی حاکمانی ئێران و سەلماندیان تا سەرکەوتن و وەدیهێنانی ئاوات و ئارەزووی شەهیدانی لە خوێندا شەڵاڵی شەقامەکان، ژن، ژیان، ئازادی و گشت شەهیدانی گەل مەیدان چۆڵ ناکەن و شکۆی شەقام ئاوەدان ڕادەگرن و بەردەوام دەبن تا ڕووخانی یەکجارەکی.
خەڵکی ئازادیخواز و نیشتمانپەروەر و ڕاوەستاوی کوردستان!
گەلانی یەکگرتوو و ڕاپەریوی ئێران!
گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێران بە ئیرادە و هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان ئۆتۆریتە و هەیکەلی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان لە ڕادەی نێودەوڵەتی و نێوخۆییدا تێکشکاندوە و مەشرووعییەتیان هێناوەتە ژیر پرسیار و تا سەر لێواری ڕووخانیان بردوە. گەلانی ئیران بڕیاریان داوە تا خەونە جوانەکانی گشت شەهیدان و شۆڕشی ژینا وەدی نەهێنن لە خەبات و بەرخۆدان نەوەستن و ڕەوتی خەبات و بەربەرەکانی لە شەقامەکانی کوردستان هەر بەردەوام بێ. بەڵێنی مانەوە و ڕاوەستان بە بنەماڵەی شەهیدانی بزووتنەوە و بە گشتی شەهیدانی خەباتی شەقام و گشت زیندانیانی سیاسی دەدەن، پەیمانی وەفاداری و ئەمەگناسیی خۆیان دەگەڵ ڕوحی پاکی قازی محەممەد و هاوڕێیانی کە ئازایانە و جوانمێرانە چوونە بن داری ئێعدام و هەموو شەهیدانی بزووتنەوەی ئازادیخوازانە و لاوانی نیو سیاچاڵەکان و لاوانی لە خوێندا شەڵاڵی شەقامەکان نوێ دەکەینەوە و ڕێگایان درێژە دەدەین.
لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان سڵاو و حورمەت دەنێرین بۆ ڕەوانی تێکڕای شەهیدانی شاخ و شەقام و لە بەرانبەر ڕوحی پاکی ئەو شۆڕەسوارە لە خوێندا شەڵالانە و لە بەرانبەر بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان سەری ڕێز و ئێحترام دادەنوێنین و پێیان دەڵێین تا خەونی ڕۆڵەکانیان وەدی نەهێنین ڕاناوەستین؛ وچان نادەین و ڕێگایان درێژە دەدەین هەتا سەرکەوتن.
سڵاو لە گیانی پاکی سەروەری شەهید قازی محەممەدی نەمر و هاوڕێیانی!
سڵاو لە گشت شەهیدانی خەباتی شاخ و شار!
سڵاو لە گەلانی ئازادیخواز و خەڵکی ئازا و بوێری سەر شەقامەکان!
سڵاو لە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی!
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی کاروباری کۆمەڵایەتی
٨ی خاکەلێوەی١٤٠٣ی هەتاوی