کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی کاک مستەفا هیجری بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە

10:51 - 9 خاکەلێوه 2724

کاک مستەفا هیجری بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

 

١٠ی خاکەلێوەی ١٣٢٦ی هەتاوی، لە مێژووی نەتەوەکەماندا وەبیرهێنەرەوەی ڕووداوێکی دڵتەزێن و لەبیر نەکراوەیە.

لەم ڕۆژەدا، پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆکی کۆماری کوردستان وێڕای ئەبولقاسمی سەدری قازی و محەممەدحوسێن خانی سەیفی قازی لە سێدارە دران، بەڵام ناو و ناوبانگیان بوو بە ڕەمزی مێژووی خەبات و بەرخۆدانی کوردستانییان.

خەڵکی کوردستان لەم ڕۆژەدا کە بە "ڕۆژی شەهیدانی کوردستان" ناودێر کراوە،  سەردانی گڵکۆی شەهیدان و بنەماڵەکانیان دەکەن و پەیمانی درێژەدان بە ڕێبازی شەهیدان نوێ دەکەنەوە.

١٠ی خاکەلێوە، مانایەکی هاوبەشی لای کوردستانییان هەیە، ئەویش درێژەدان بە ڕێبازی پڕ لە سەروەریی شەهیدان و زیندووڕاگرتنی ڕێبازی نەتەوەیی پێشەوای کوردانە.

لەم ڕۆژەدا، وێڕای سەری ڕێز دانەواندن بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبازەکەیان، سڵاوی وەفا دەنێرین بۆ سەرجەم بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان.

 

مستەفا هیجری

بەرپرسی ناوەندی بەڕێوەبەریی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی