لە درێژەی چالاکییەکانی کۆمیتەی حیزب و بەشی پێوەندییەکان لە ڕۆژاوای کانادا، ڕۆژی شەممە ٤ی خاکەلێوە(٢٤ی مارسی ٢٠٢)، نوێنەری حیزب لە کانادا، هاوڕێ سمایل ئیبراهیمی لەگەڵ بەڕێز “ تۆم کمیچ”، ئەندامی پارلەمانی کانادا کۆ بووەوە .
لەو دیدارەدا، نوێنەری حیزب وێڕای سپاس لە هەڵوێست و سیاسەتی حیزبی کۆنسێرواتیڤی کانادا سەبارەت بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕایگەیاند پەیامی تایبەتی سەرۆكی ئەو حیزبە بۆ گەلی کورد بەبۆنەی جەژنی نەورۆز بۆتە مایەی خۆشحاڵیی گەلی کورد بەگشتی و کوردەکانی کانادا بەتایبەتی و هیوای خواست حیزبی کۆنسێرواتیڤ لە سەر هەوڵی بە تیرۆریست ناساندنی سپای پاسداران و دەرکردنی دەستوپێوەندەکانی ڕێژیم لە کانادا بەردەوام بێ.
بەرێز “تۆم کمیچ “ وێڕای پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە گەلی کورد، پشتیوانی و سۆزی خۆی بۆ گەلی کورد و داوا ڕەواکانی دوبارە کردەوە.
شایانی باسە پەیامی نەورۆزیی بەڕێز “ پییەر پۆیلییەڤر” سەرۆکی حیزبی کۆنسێرواتیڤی کانادا بۆ گەلی کورد دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبووە و بووەتە مایەی تووڕەیی و نیگەرانیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی .
هەر لەو پێوەندییەدا و بە هاوکاری و پشتیوانیی کۆمیتەی حیزب لە “ماڵی کورد” و “لێژنەی بەڕێوەبەری جەژنی نەورۆز” لە ڕۆژاوای کانادا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەشەمە(١٧ی مارسی ٢٠٢٤)، جەژنی نەورۆز بە بەشداریی هەزاران هاووڵاتی بەڕێوە چوو .