شەماڵ تەرغیبی
لەگەڵ ئەوەدا كە كولتووری شەهیدپەروەری و شەهیدبوون هەرگیز ڕێبازی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران نەبووە و پارێزەری لە گیانی ڕۆڵەكانی نەتەوەكەمان بە ئەركێكی پیرۆز زانراوە، بەڵام وەك ڕێبەری مەزنمان دوكتور قاسملوو دەڵێت: "گەلێك ئازادیی بوێت، دەبێ نرخی ئەو ئازادیەش بدات". گەلی چەوساوە و مافخوراوی كورد، بەدرێژایی مێژووی خەباتی ڕزگاریخوازانەی خۆی، لەپێناو بەدیهێنانی ئارمانج و ویستی بەرحەقی، خەباتی کردوە و لە ڕەوتی ئەم خەباتەشدا بە هەزاران ڕۆڵەی بە ئەمەگ و شایستەی خۆی لەدەست داوە؛ ئەوەش نرخی ئەو ژیانە ئازادە و ئەو ڕزگارییەیە كە گەلەكەمان ناچار بووە بیدا.
"مردن بۆ ژیان یان ژیان بۆ مردن"؟ چلۆن ژیان لەو ڕستەیەدا بەرجەستە دەبێتەوە. زۆر ژیان و بە سەلامەت ژیان، ئاواتی هەموو تاكێكە، بەڵام بە چ نرخێك؟ ژینی كۆیلەیی و ژێرچەپۆكەیی و دوورودرێژ لە كوێ و ژینی كورت و ئازادانە و بە سەربەرزی لە كوێ؟ وەك مامۆستا هەژار لە "پیرەهەڵۆ"دا دەڵێت: "مان ئەگەر وابێ چ شیرینە نەمان". هەڵبژاردنی ڕێگای مان و نەمان ورەیەكی بەرز و باوەڕێكی قووڵی دەوێ. پشتگوێخستنی دنیاویستی و نەبینینی گیان و گەیشتن بە قۆناغی مانەوەی ڕوحی و هەرمان، بەخشینی گیان لەپێناوی ئارمانج و مەبەستدا، ئەو تایبەتمەندییانەن كە پێگەی شەهید و ناوەرۆكی وشەی شەهید پێناسە دەكەن.
شەهید هەڵگری پەیامی مانەوە و هەرمانە بۆ نەتەوە و خاكەكەی و وانەكانی لەخۆبوردوویی و مرۆڤبوون دەڵێتەوە. شەهیدبوون واتە دەربازبوون لە بازنەی "من" و كەوتنە نێو بازنەیەكی بەرفراوانتر كە "من" بۆ هەمووانە.
وشەی شەهید بۆ ئێمەی كورد وشەیەكی پیرۆز و جێگەی ڕێز و شانازییە، سەربڵندییە، چراوگی ڕێی ڕزگارییە، عەشق و خۆشەویستییە، ورەبەرزی و بەخشینی گیانە لە پێناو بایەخە نەتەوەییەكاندا، لە پێناو خاكدا كە لە كولتووری ئێمە و زۆربەی گەلاندا لەگەڵ وشەی پیرۆزی دایك هاوتەراز كراوە. كەس ئامادە نییە لەپێناو ماڵ و ساماندا گیانی خۆی بەخت بكات بەڵام سامانی نەتەوەیی بە هەزاران ڕۆڵەی ئەم ئاو و خاكەی كردۆتە گیانفیدای خۆی.
شەهید ئازادانە و ئاگایانە ڕێگەی خۆی بەرەو مەبەستێكی پیرۆز هەڵدەبژێرێت و قارەمانانە بە خوێنی سووری دژی زوڵم و دیكتاتۆری دەوەستێتەوە و ڕێگا بۆ گەیشتن بە كۆمەڵگەیەكی ئازاد و سەربەخۆ هەموار دەكات. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا جاری وا هەیە ئەو پرسیارە لە مێشکدا بەرجەستە دەبێتەوە کە شەهید کێیە یان شەهید بە چ واتایەکە؟
وشەی شەهید پێش ڕاگەیاندنی ئیسلام و خۆبەختکردن لەپێناو ئایینیش بۆ كەسانە بەکار هاتووە کە ئامادەبوون لەپێناو ئازادیی گەل و ئاو و خاك و نیشتمانەكەیان گیانی شیرینی خۆیان خۆبەخشانە و دڵخوازانە بەخت بكەن. بە تایبەتی بەو جەنگاوەرانە گوتراوە كە بێباكانە و گیان لەسەردەست ئامادەی گیانفیدایی لەپێناو ئامانجە پیرۆزەكانیان بوون. ئێستا زۆربەی خەڵك پێیان وایە كە ئەم وشەیە بە واتای مردن لە ڕێگەی خودادایە، بەڵام لەڕاستیدا ئەم وشە بە واتای مردن نییە و مانا سەرەكییەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئامادەبوون و شایەتبوون.
دیارە ئەركی ئەم نووسینە باسكردنی مانای وشەی شەهید نییە بەڵكوو لێرەدا دەمانهەوێ بڵێین شەهید مرۆڤێكی واڵا و ئارمانجخوازە كە بەهای بیروبڕوا و ئارمانجەكەی لە سەرووی هەموو بەهاكاندا داناوە. ئاسایش و خزمەت بە مرۆڤەكان لە ئاسایشی خۆی بە گرینگتر دەزانێ. خەمخۆر و پەرۆشی مرۆڤەكانە و بۆ پاراستنی بەها مرۆییەكان گیان لە سەر دەست و ئامادەی گیانفیداییە. ئەو لەگەڵ مرۆڤەكاندا دەبێتە هاودەرد، لە شادی مرۆڤەكان شادمان دەبێ و لەگەڵ خەمەكانیاندا خەم و پەژارە دایدەگرێ. ئەو ئەوەندە هۆگری بیروبڕوا و ئارمانجە پیرۆزەكانیەتی كە قازانجەكانی خۆی لەگەڵ ژیان و سەروەت و سامانی بۆ گەیشتن بە بەختەوەریی گەل و نیشتمانەكەی بە ئاسانی فیدا دەكات.كەوایە شەهید مرۆڤێكی ڕەها و ئازادیخواز، ناخبین و قارەمانە كە دونیا و هەموو ئەو شتانەی لە دونیادا هەیە بۆ ئەو بایەخێكی نییە و بەئاسانی لێیان دەگوزەرێ و دەگەڕێتەوە بۆ حەقیقەتی مرۆڤایەتی كە خزمەتكردن بە هاوچەشن و مرۆڤدۆستییە.
شەهید نامرێ و شاهیدی هەموو ئەو شتانەیە كە ساڵیانی ساڵ ململانێیان لە سەر كراوە و شایەتە بۆ هەموو ئارمانجخوازی و ئازادیخوازییەكانی مرۆڤەكان بۆ ڕەهابوون لە چنگی زوڵم و زۆر و دیكتاتۆری، ئەو هەڵقوڵاوی جیهانی نەمانە و لكاوە بە جیهانی هەتاهەتایی هەبوون.
شەهید مرۆڤێكی نموونەیە كە لە هەر زەمەن و لە هەر شوێنێكدا بە ئامادەبوونی خۆی نموونەیەكە بۆ ژیاندۆستی هەموو مرۆڤەكان. شەهید بە شەهیدبوونی خۆی ترس لە مەرگ دەڕەوێنێتەوە و كۆمەڵگا زیندوو دەكاتەوە و ناوی خۆی بۆ هەتاهەتایە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بە باشی و زیندوویی تۆمار دەكات.
لە فەرهەنگی مرۆڤە ئازادیخوازەكاندا شەهیدبوون ئارمانج نییە و هەروەها مەرگێكیش نییە كە دوژمنان بە سەر مرۆڤە ئازادیخوازەكاندا دایسەپێنن، بەڵكوو شەهیدبوون مەرگێكی دڵخوازانەیە كە مرۆڤی ئازادیخواز و خەباتكار بە تێگەیشتن و ئاگایی و لۆژیك و شعوور و ڕابوون بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەرزی و گەیشتن بە ژیانێكی مرۆییانە هەڵیدەبژێرێ.
لە ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستاندا بەرز و پیرۆز بێت یادی هەموو شەهیدانی سوورخەڵاتی کوردستان.