کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ گەل ژیا، بۆ گەل مرد

14:22 - 10 خاکەلێوه 2724

سەرکۆماری شەهید، پێشەوا قازی محەممەد

بۆ گەل ژیا، بۆ گەل مرد

 

سمایل شەرەفی

قۆناغی "ئەزموونی ژیان"ی پێشەوا قازی محەممەد تایبەتە بە ساڵەکانی نێوان هەردوو شەڕی جیهانیی یەکەم (١٩١٤-١٩١٨) و دووهەم (١٩٤١-١٩٤٦)، کە لە ماوەی ئەم نیزیک چارەگە سەدەیەدا جیا لەوەیکە نیشتمانەکەی (کوردستان) بە سەر چوار وڵات‌دا دابەش دەبێ، میللەتەکەشی (کورد) بەرەوڕووی کارەساتبارترین قۆناغی مێژوویی خۆی دەبێتەوە. ئاکامەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی و سەرهەڵدانی دەوڵەت – نەتەوەکانی تورک و عەرەب و پارسی کە شکستی جووڵانەوە نەتەوەیی و مافخوازانەکانی کورد و قەڵاچۆی خەڵکی کوردستان و وێرانیی نیشتمانیی لێ کەوتنەوە، بێ‌شک شوێنەواری قوڵ و کاریگەریان لە سەر بیرکرنەوە و تێفکرینەکانی پێشەوا قازی محەممەد داناوە. ئەو کە لە سی ساڵەی تەمەنی خۆی‌دا شاهیدی جووڵانەوەی سمایل ئاغای سمکۆ و کوژرانی ئەم ڕێبەرە بە فەرمانی ڕەزاخانی دامەزرێنەری دەوڵەتی ئێرانی بووە، بە تەواوەتی هەست بە مەزلومیەتی نەتەوەکەی و زوڵم و زۆریی دەسەڵاتی خۆسەپێن دەکا.

قازی محەممەد کە هاوکات لە گەڵ بینینی بارودۆخی میللەتەکەی لە تەمەنی لاوەتی‌دا سەرقاڵی خۆ پەروەردەکردن و قووڵ‌بوونەوە لە زانستە جۆراوجۆرەکان لە هەمووی گرینگتر وردبوونەوە لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵکەکەی بووە، خزمەت بە گەل دەکاتە ئامانجی ژیانی خۆی. قازی محەممەد کە دوای فەوتی قازی عەلیی باوکی دەبێتە قازیی شاری مهاباد و هاوکات لە بواری فەرهەنگییش‌دا چالاکیی دەبێ، وەک کەسێکی متمانەپێکراو لە لایەن خەڵکی شار و ناوچەکەوە، لە چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک‌دا ڕۆڵی کاریگەری گێراوە و لەم دەرفەتەی بۆ ناسینی کۆمەڵگەکەی، ئەزموونێکی باشی پاشەکەوت کردوە. هەروەها وەک کەسێکی ڕووناکبیر و پێشکەوتوو و پێشکەوتنخواز و خاوەن ڕا، لە لایەن خەڵک و بە تایبەت تێکۆشەرانی سیاسیی شاری مەهابادەوە کە دواتر زۆربەیان لە دامەزرانی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد(ژێکاف) ڕۆڵیان گێڕا و تیایدا ئەندام بوون، پرس و ڕاوێژی پێ دەکرا.

پێشەوا قازی محەممەد بە پشت‌بەستن بەم پاشخانە دەوڵەمەندە لە ئەزموونی ژیان و لێهاتوویی خۆی، بەتایبەت لە قۆناغێک‌دا کە بانگهێشتی ڕیزەکانی کۆمەڵەی ژێکاف دەکرێ، وەک کاراکتێرێکی شوێندانەری سیاسی بیر لە نەخشەڕێگایەکی دروست، گونجاو و مومکین دەکاتەوە. قازی محەممەد لەسەر ئەساسی تێگەیشتن لە دنیای سیاست لە هەموو ئاستەکانی نێونەتەوەیی، ناوچەیی، دەوڵەتی و نێوخۆیی، زۆر زوو دەکەوێتە بیری تەتەڵەکردنی هەلومەرجێک کە پێی وابوو دەکرێ بکرێتە دەرفەتێک بۆ کەڵک لێ وەرگرتنی.

هەلومەرجی لێکەوتەی شەڕی جیهانیی دووهەم ئەو دەرفەتە بوو کە پێشەوا قازی محەممەد تیایدا بیری لە جۆری کەڵک لێ‌وەرگرتن بە قازانجی میللەتەکەی دەکردەوە. ڕەزاخان خۆی لە ئاڵمانی نازیسم نزیک کردبۆوە و ئێران بوو بە مەیدانی هاتوچۆ و نفووزی سیخوڕ و پیاوەکانی ئاڵمانی هیتلێری. سێ وڵاتی سۆڤییەت، بریتانیا و ئەمریکا وەک وڵاتانی سەرەکیی بەرەیەکی شەڕ، بە دوو مەبەستی کەمکردنەوەی نفوزی ئاڵمان و گەیاندنی چەک و تەقەمەنی بە سۆڤییەت بڕیاری چوونە نێو خاکی ئێرانیان دا. بۆیە بریتانیا و ئەمریکا لە جنووب و ئەرتەشی سوور لە شومالەوە ئەم وڵاتەیان داگیر کرد. لە بەرانبەردا ڕێژیمی ڕەزاخان نەیتوانی چووکەترین بەربەرەکانی بکا و تێک رووخا... بەم هۆیەوە بەشی باشووری کوردستانی ئێران لە لایەن ئەمریکا و ئینگلستانەوە داگیر کرا و و بەشی باکوور تا شاری ورمێ لەشکری سووری سۆڤییەت تێیدا جێگیر بوو. لەم نێودا ناوچەی موکریان و بەتایبەت شاری مەهاباد بۆشایی دەسەڵاتی تێکەوت. ئەمە ئەو دەرفەتە بوو کە بۆ کورد و بزووتنەوە مافخوازانەکەی هەڵکەوتبوو کە بتوانێ بە باشی کەڵکی لێ وەربگرێ.

لە ئاکامی ئەم گۆڕانکارییانەدا ڕەوتی ڕوو لە گەشەی ئازادییە دێموکراتییەکان لە ئێران و بە گشتی چوونە ێشێی جووڵانەوە پێشکەوتنخوازەکان لە ئاستی وڵات‌دا لە پەرەئەستاندن‌دا بوو. هەروەها هاوپەیمانان بە سەر ئاڵمانی هیتلەری‌دا سەرکەوتبوون و خەباتی گەلان دژ بە فاشیزمی هیتلەر و موسولینی و هیروهیتو، ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بەربڵاوتر دەبوو. بۆیە زەمینە بۆ ئەوە ئامادە  بوو کە حیزب یان ڕێکخراوێکی پێشەنگ و وەڵامدەری ڕۆژگاری نوێ لە کوردستانیش دامەزرێ. لەگەڵ ئەوەیکە کۆمەڵەی ژێکاف وەک ڕێکخراوێکی چالاک بەڵام نهێنی بوو، بەڵام ژێکاف لە لایەک بە هۆی "ناسیونالیست"بوون و داخراوبوونی وەک ڕێکخراوێکی نهێنی، وڵامدەری وەزعی تازەی کوردستان نەبوو. بۆیە لێردا بەشی زۆری ئەم ئەرکە مێژووییە کەوتە سەر شانی پێشەوا قازی محەممەد کە چۆن بتوانێ لەم دەرفەتە کەڵک وەربگرێ.

لەم پێناوەدا قازی محەممەد لە دوای کۆمەڵێک هەوڵی دیپلۆماتیک و دانوستان لەگەڵ سۆڤییەت، ئێران و ڕێکخراوە دێموکرات و پێشکەوتنخوازەکان‌ و ڕاوێژ لەگەڵ هاوڕێکانی لە کۆمەڵەی ژێکاف، لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ (١٦ی ئوتی ١٩٤٥) لە شاری مەهاباد، حیزبی دێموکراتی کوردستانی دامەزراند.

دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە قازی محەممەد دامەزرێنەر و پێشەوای بوو، نوختە گۆڕانێک بوو لە مێژووی خەباتی لەمێژینەی گەلی کورد و سەرەتایەک بوو لە پێک هاتنی ڕێکخراو و حیزبی سیاسیی پێشکەوتوو و مودێرن دا. هەر وەک لە یەکەم بەیاننامە و بەرنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا دیارە، ئەم حیزبە بەگرینگیدان بە "مان و مەوجودییەت"ی گەلی کورد کە بریتییە لە خاک، خەڵک، کەرامەتی ئینسانی کورد، زمان، فەرهەنگ، لە سەرەتادا ئامانج لە دامەزرانی خۆی بۆ "پێشگیری لە فەوتانی نەتەوەیی" پێناسە دەکات. فەوتانێک کە دەوڵەت نەتەوەکانی دژ بە کورد، بەتایبەت دەوڵەت نەتەوەی ئێرانی هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاری ڕەزاخانەوە، بە شێوەی سیستماتیک هەوڵیان بۆ داوە. بەڵام بە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە دواتر پرسێکی گەورەی مێژوویی – نەتەوەیی دێنێتە ئاراوە، ئەم پیلانە پووچەڵ دەبنەوە.

دوای ١٦٠ ڕۆژ لە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، ڕێبەرانی حیزب، بەتایبەت و لە سەرووی هەمووانەوە پێشەوا قازی محەممەد، بە سەرنجدان بە لەباربوونی هەلومەرجی سیاسی، بۆ جارێکی دیکە کەڵک لەو دەرفەتە وەردەگرن و لە ٢ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی لە چوارچرای مهاباد، کۆماری کوردستان لە لایەن پێشەوای حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە ڕادەگەیەندرێ و پێشەوا نازناوی سەرۆک کۆماری کوردستانی پێ دەبەخشرێ.

کۆماری کوردستان دەسەڵاتە ١١ مانگەکەی و ئەو خزمەتانەی بە کورد و کوردستانی کردن، تا ئێستاشی لەگەڵ بێت، بوونەتە بەشێکی هەرە ئەساسی و دانەبڕاوی شەخسییەتی نەتەوەیی هەموو ئینسانێکی کورد. هیچ تاکێکی کورد ناتوانێ کوردبوونی خۆی بەبێ گەڕانەوە و پشت‌بەستن بە ئەزموونی کۆماری کوردستان و کاریگەرییەکانی لە سەر دروست‌بوونی خۆی وەک ئینسانێکی کورد، لە دنیای ئەمڕۆدا پێناسە بکات. بە واتایەکی دیکە بۆ یەکەمجار ئینسانی کورد لە کۆماری کوردستان و لەژێر کارتێکەریی دەسکەوتەکانی ئەم کۆمارەدایە کە شەخسییەتی نەتەوەیی بە مانا مودێرنەکەی پەیدا دەکا و هەست بە "بوون"ی خۆی دەکا.

تەواوی ئەو سیمبول و شاخس و هێما و پێناسانەی کە ئەمڕۆ ئینسانی کورد، وەک نەتەوەیەکی جیا لە نەتەوەکانی دیکە، خۆی پێیانەوە دەناسێنێ و کردوونی بە مایە و مانای وجوودیی خۆی وەک نەتەوەی کورد، هەرهەموویان دەسکەوت و ئافراوی ئەو ١١ مانگەی دەسەڵاتی کۆماری کوردستانن.

خودی دامەزران و ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان، دامەزرانی سپای میللی (هێزی پێشمەرگە)، هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، بە ڕەسمی ناساندنی زمانی کوردی، سەروەریی نەتەوەیی لە چوارچێوەی بەڕێوەبەریی ئیدارەی کۆماری کوردستان و... هەر هەموویان ئەو هێما و سیمبولانەن کە ئەمڕۆ و دوای زیاتر لە ٧٥ ساڵ، بوونەتە پێناسە بۆ خۆدەرخستنی نەتەوەییمان.

هیچ گومانی تێدا نییە و بەڵگە زۆرن بۆ سەلماندنی ئەم ئیدیعایە کە پێشەوا قازی محەممەد وەک سەرکۆمار و کەسی یەکەمی کۆمار لە ئافراندن و دامەزراندنی هەموو ئەمانەدا، ڕۆڵ و قسەی یەکلاکەرەوەی هەبووە. بۆیە دەتوانین بە تەواوی ئیدیعا بکەین و بیسەلمێنین کە پێشەوا قازی محەممەد بە دامەزرانی کۆماری کوردستان و دەسکەوتەکانی، کەسایەتییەکی پڕنرخی نەتەوەیی بە ئینسانی کورد بەخشی کە دەکرێ لە باسی ڕەوتی نەتەوەسازی‌دا زۆرترین قسەی لەسەر بکرێ.

بەسەرهاتی پیشەوا قازی محەممەد لە چۆنیەتیی بەرەو پیلی مەرگەوە چوون و دادگایی‌کردن و لەسێدارەدانی وانەیەکە لێوانلێو لە دەروەست‌بوون، وەفاداری، گەلدۆستی، ئازایەتی و نەمری.

لەم پێوەندییەدا کەم کەس دەتوانێ وەک شەهید دوکتور قاسملووی جێگرەوەی باس لەم بەسەرهاتە بکا: "پێشەوا قازی زۆر باش دەیزانی مەرگ چاوەڕوانیەتی... ڕاستە کە پێشەوا قازی نەدەبا بەو هاسانیە خۆی تەسلیمی دوژمن بکا، ئەویش دوژمنێک کە ئەو زۆر باش دەیزانێ کە چەندە فێڵباز و دڕندەیە. بەڵام قازی محەممەد ئەو کارەی بۆ پاراستنی خۆی نەکرد، بەڵکوو ئەو مەسئولییەتە گەورەیەی کە سەبارەت بە گەلی کورد هەیبوو، پێشەوای بۆ ئەو کارە هان دا. ئەو کە هیچ دەرەتانێکی لە بەربەرەکانی‌دا نەدی، نەیدەویست خوێنی خەڵکی بێ‌دیفاعی میللەتەکەی بە دەستی لەشکری داگیرکەر بڕژێ. ئەگەر بڵێین تەسلیم بوونی قازی محەممەد هەڵە بوو، ئەو هەڵەیە پێش هەمووان بە نرخی گیانی خۆی تەواو بوو. ئەو دڵخوازانە خۆی تووشی ئەو چارەنووسە کرد و ئاکامەکەشی لێ ڕوون بوو. ئینساندۆستیی پێشەوا هێندە زۆر بوو کە دەیەویست بکوژرێ، شەهید بێ تا زۆر کەسی دیکە زیندوو بمێنن."

پێشەوا قازی محەممەد لە ڕەوتی بەناو دادگایی‌کردنیشی‌دا، ئەوەی بۆ ساتێکیش لێی غافڵ نەبوو، میللەتەکەی بوو. "ئەو زۆر باش دەیزانی کە ئەوە شەخسی قازی محەممەد نییە کە دادگایی دەکرێ، بەڵکوو جووڵانەوەی دێموکراتیکی خەڵکی کوردستانە کە دادگایی دەکرێ، ئاوات و ئامانجەکانی کۆمەڵانی زۆرلێکراوی گەلی کوردە کە دادگای نیزامی بە تاوانیان دەزانێ. هەر بۆیەش وەک ڕێبەرێکی هەڵکەتوو بەرانبەر بە جەلادە خوێنمژەکانی ڕێژیمی شا قارەمانانە ڕاوەستا و دیفاعی لە کۆماری کوردستان کرد."

پێشەوا قازی محەممەد کە لە ماوەی زیاتر لە یەک ساڵ زیندانی کردنی‌دا زۆری هەوڵ لەگەڵ درا کە حاشا لە کردەوەکانی خۆی بکا و خۆی بێبەری لە هەموو ئەوانەی کردوونی نیشان بدا و پەشیمانی دەرببڕێ، بەڵام ئەوە قازی محەممەد بوو کە دادگای نیزامی و کاربەدەستانی ئەرتەشی شاهەنشاهیی بە چۆک‌دا هێنا و ناچاری کردن کە بەرانبەر بە گەورەیی و ئازایەتیی ئەو سەردانوێنن. پێشەوا بە سوێند و پەیمانی بەرانبەر بە گەل و نیشتمانەکەی وەفادار مایەوە و لە پێناو ژیانی گەلەکەی‌دا شەهید بوو.