کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەبۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە بریتانیا سێمینارێک بەڕێوە چوو

12:10 - 11 خاکەلێوه 2724

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بریتانیا ڕۆژی هەینی ١٠ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی، سێمینارێکی بۆ بەرزڕاگرتنی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان بەتایبەت لەسەر پێشەوا قازی محەممەد، لە تۆڕی زووم بۆ دوکتور قادر وریا بەڕێوە برد.

سێمینارەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب دەستی پێ کرد، پاشان چەند چرکەیێک بێدەنگی بۆ بەرزڕاگرتنی یاد و ناوی شەهیدانی کورد و کوردستان ڕاگەیاندرا.

 لە دەسپێکی ئەو سێمینارەدا کاوە مودەڕەسی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە بریتانیا وێڕای بەرزنرخاندنی یادی شەهیدان، بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد و لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەچوونی سیمینارەکە بەرچاوڕوونیی بە بەشداربووان دا.

دواتر کاک قادر وریا باسی لە گرینگیی ئەم ڕۆژە کرد و تیشکی خستە سەر هۆکاری هەڵبژاردنی ١٠ی خاکەلێوە وەک ڕۆژی شەهیدانی کوردستان کە تێیدا پلە بەرزترین کەسایەتیی ئیداری کۆمەڵگە لە سێدارە دران.

ناوبراو بە ئاماژە بە بوێریی پێشەوا قازی و هاوڕێیانی لە پارێزگاری لە ڕەوایی دامەزراندنی کۆمار لە بەناو دادگاکانی ڕێژیم، ناودێرکردنی ئەم ڕۆژەی وەک کارێکی مێژوویی حیزب و پەیامێکی سیاسی نەتەوەیی بەرز نرخاند.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانی کاک قادر وریادا ئاماژە بە وشەی شەهید کرا، و تێدا ڕوونکردنەوە لەسەر مێژووی ناوەکە و چۆنییەتیی بەکارهێنانی لە ئەدەبیاتی حیزبدا کرا.

ناوبراو باسی لە گرینگیی شین و بەسەرهاتی شەهیدبوونی شۆڕشگێڕانی نەتەوەکەمان کرد، کە تێدا نەتەوەی وریای کورد و حیزبی دێموکرات بە لێزانیەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەم ڕووداوانە کردووە، بۆیە شینگێڕی بووەتە سوتمانی بەردەوامی خەبات و شێلگیرتر لە مەیدان مانەوەی نەتەوەکەمان.

پرسیار و تێبینی بەشداربووان بەشێکی دیکەی سێمینارەکە بوو، کە لەلایەن کاک قادر وریا وڵام درایەوە.