کۆمیتەی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئوتریش، ڕۆژی شەممە ١١ی خاکەلێوە، بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی پێشەوای مەزن و هاوڕێیانی کە وەک ڕۆژی شەهیدانی کوردستان دیاری کراوە کۆڕێکی بۆ ڕێزلێنان لە شەهیدانی کوردستان بەڕێوە برد.
ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان و بە تایبەتی شەهیدانی ١٠ی خاکەلێوە دەستی پێکرد.
پاشان محەممەد فەقێعەلی وەک بەڕێوەبەری کۆڕەکە وێڕای بەخێرهاتنی بەشداربووان باسێکی کورتی لەسەر ١٠ی خاکەلێوە پێشکەش کرد.
پاشان دوکتۆر جەزا ساڵحی لەسەر مێژووی کۆماری کوردستان و ١٠ی خاکەلێوە و هەروەها وەسیەتنامەی پێشەوا قازی محەممەد کە بەشی سەرەکیی ئەم کۆڕیادە بوو، وتارێکی پێشكەش کرد.
لەو کۆڕەدا شاعیری بەتوانا و نیشتمانپەروەر مامۆستا جەماڵ خانەقین بە چەند پارچە هۆنراوەی شۆڕشگێڕیی خۆی، کە لە ناوبڕی بەرنامەکەدا و لە ٤ بڕگەی جیاوازدا پێشکەشی کردن، سۆز و تاوێکی ئەدەبی و هەنەری بە کۆڕەکە بەخشی.
بەو بۆنەوە چەند حیزب و لایەنی سیاسیی بەشداری ئەو کۆڕە بوون و پەیامیان ئاراستەی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات کرد کە بریتی بوون لە:
ڕێکخراوی کوردانی یارسانی
پارتی دیمۆکراتی کوردستانی سووریە
پارتی ئازادی کوردستان
ئەندامانی بەڕێوەبەریی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە ڤییەن
نوێنەرایەتیی پارتی دیمۆکراتی پێشوەڕۆی کوردی سووریە