کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بێلژیک بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ساڵڕۆژی لەسێدارەدرانی پێشەوا قازی و هاوڕێیانی و ڕۆژی شەهیدان ڕێوڕەسمێکی بەڕێوە برد.
ڕۆژی شەممە ١١ی خاکەلێوە، بەبۆنەی ڕۆژی شەهیدانی کوردستان و یادی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی لە وڵاتی بێلژیک بە بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات و پارتە سیاسییەکانی کوردستان ڕێوڕەسمێک لە شاری سینت نیکۆلاس لەسەر گڵکۆی پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکرات هاوڕێ قەسیم قادری بەڕێوە چوو .
ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد .
لەو ڕێوڕەسمەدا پەیامی کۆمیتەی حیزب لە بێلژیک لەلایەن کامیل ئازەریوون پێشکەش بە ئامادەبووان کرا و دواتر پەیامی هەر یەک لە پارتەکانی کوردستان لەوانە یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی یەکیەتیی دێموکراتی کورد لە سووریە خوێندراویەوە.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا بەشداربووان تاجەگوڵەکانیان لەسەر گڵکۆی هاوڕێ قەسیم قادری وەک ڕێزێک بۆ خەبات و تێکۆشانی نەمریان و بەڵێن نوێکردنەوە لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان دانا.
هەروەها لەلایەن ماموستا بەها ئیبراهیمی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە بێلژیک شێعرێک پێشکەشی بەشداربووان کرا .
شایانی باسە کە چەپکە گوڵێک وەک ڕێز و ئەمەگناسی لەلایەن کۆمیتەی بێلژیکەوە بە دەستی خاتوو ژاڵە ئاهەنی پێشکەشی خاتوو بەهار ڕۆستەمی هاوژینی شەهید مێهدی شێخی ناوسراو بە شەهید مێهدی تەوریوەری کرا .
لە کۆتاییدا لەلایەن کۆمیتەی حیزبەوە بە مەبەستی ڕێزلێنان و سپاس و ئەمەگناسی بۆ شەهیدان، لەوحێکی ڕێزلێنان پێشکەشی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی نیشتەجێ لەو وڵاتە کرا .