کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فینلاند/ بەڕێوەچوونی وێبیناری تایبەت بە ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان

16:29 - 12 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی هەینی، ١٠ی خاکەلێوە، لە ٧٧ـەمین ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی و رۆژی شەهیدانی کوردستاندا، کۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی فینلاند، بە بەشداریی بەڕێز ئەلبورز ڕووئین‌تەن، ئەندامی ڕێبەریی حیزب، وێبینارێکی بۆ ئەندامانی حیزب لە فینلاند بەڕێوە برد.

وێبینارەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب‌ و ساتێک بێدەنگی، بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و گیانفیدایی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد.

پاشان بەڕێز سەیدئەحمەد حوسەینی، بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب، وتەیەکی کورتی پێشکەش کرد.

لە بەشێکی دیکەی وێبینارەکەدا، ئەلبورز ڕووئین‌تەن، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، باسێکی پێشکەش کرد.

ناوبراو، ئاماژەی بە خەباتی دەیان ساڵەی نەتەوەی کورد بۆ ڕزگاری کرد و وتی خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان، بۆتە تایبەتمەندیی نەتەوەکەمان بۆ ئەوەی وەکوو هەموو نەتەوەکانی دیکەی جیهان، ئێمەش بە ئازادی و سەربەستی بژین.

ناوبراو بە ئاوڕدانەوە لە قۆناخە جۆراوجۆرەکانی خەباتی نەتەوەکەمان، دامەزرانی کۆماری کوردستان و حیزبی دێموکراتی بە خاڵێکی گرینگ لە چوارچێوەی ئارەزووی گەلی کورد لە قەڵەم دا بۆ ئەوەی ئازاد بێت و بۆ خۆی حوکمی خۆی بکات. ناوبراو وتی: "ئەو ڕاستییە لە وتاری پێشەوای نەمر، سەرکۆماری کوردستان لە کاتی ڕاگەیاندنی کۆماردا ڕەنگی داوەتەوە."

کاک ئەلبۆرز، هەروەها ئاماژەی بە کەسایەتیی بەرز و ڕۆڵی ئەرێنی و کاریگەریی پێشەوا قازی محەممەد لە خەباتی نەتەوەکەماندا کرد کە ئامادە بوو لەپێناو ئازادیی نەتەوەکەیدا، گیانی خۆی فیدا بکا.

ناوبراو هەر لەو پێوەندییەدا ئاماژەی بە ڕوانگە و خەباتی نەتەوەیی و هەروەها شێوەی گیانفیدایی پێشەوا قازی محەممەد کرد و ئەوەی بە هۆکارێکی سەرەکی بۆ درێژەدانی خەباتی نەتەوەکەمان تا ئێستاش زانی.

لە درێژی قسەکانیدا، کاک ئەلبۆرز ئاماژەی بە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکان و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستان و ئێران کرد و ئەو شۆڕشەی بە درێژەی خەبات و ڕێبازێک لە قەڵەم دا کە پێشەوا قازی محەممەد و هەزاران تێکۆشەری کوردستان گیانی خۆیان لەپێناویدا بەخت کردووە.

کاک ئەلبورز ڕووئین‌تەن ئاماژەی بە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزی ئەمساڵ کرد و ڕۆڵی بەرچاوی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان لەو ڕێوڕەسمانەی بە درێژەی هەمان سیاسەت و خەباتی پێشەوای نەمر لە قەڵەم دا.

لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا، کاک ئەلبۆرز ئاماژەی بە رۆڵی بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان کرد کە نرخیان داوە و بەردەوام خاوەن خەمێکی زۆرن بۆ لەدەستدانی ئازیزانیان، بەڵام ئەوان نیشانیان داوە کە بە جێگای ئەوەی خەمگین بن، بوونەتە قەڵای ئیرادە و باوەڕ و بوونەتە سەرچاوەی ورەیەکی بەرز بۆ گەلەکەیان و بۆ هەموو خەباتکارانی ئازادیخواز کە دەبێ درێژە بەو خەباتە بدرێ.

لە پاش قسەکانی بەڕێز ڕووئین‌تەن ، بەشداران پرسیار و تێبیەکانی خۆیان هێنایە گۆڕێ.

وێبینارەکە پاش کاتژمێر و نیوێک، بە پەیمان نوێکردنەوە لەگەڵ ئامانج و ڕێبازی شەهیدانی کوردستان و بە سروودی ئەی شەهیدان کۆتایی پێ هات.