کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سوید/ لە شاری ئۆرێبروو ڕێز لە یادی شەهیدانی کوردستان گیرا

16:33 - 12 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی شەممە ١١ی خاکەلێوە(٣٠ی مارسی ٢٠٢٤)، ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ساڵڕۆژی لەسێدارەدرانی شەهید پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی و ڕۆژی شەهیدان لە شاری ئۆرێبروو لە وڵاتی سوید بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد و پاشان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان خولەکێک بێدەنگی ڕاگەیەندرا.

پاشان پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە سوید لەلایەن هاوڕێ کەریم بابەکری بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە شاری ئۆرێبروو خوێندرایەوە.

 دواترخاتوو مریەم عەلیپوور لە وتارێکدا بەبۆنەوە باسی لە ئیرادە و توانای گەڵی کورد کرد کە سەرەڕای هەوڵە دڕندانەکانی دوژمن، لە خەبات بۆ ئازادی و ڕزگاری هەروا بەردەوامە. ناوبراو باسی دامەزرانی یەکیەتیی ژنان لە سەردەمی کۆمار و ڕۆڵی ژنان لە کۆمەڵگادا کرد.

دواتر بەڕێز هێمن سەیدی ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزب و کارناسی سیاسی وتارێکی پێشکەش کرد و لە بەشیک لە وتارەکەیدا وتی: بۆ باس لە ١٠ی خاکەلێوە پێویستە لێکدانەوەیەکی دروستمان لە هەلومەرجی ئێستا هەبێت تا بزانین چۆن دەتوانین بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی کۆماری کوردستان تێبکۆشین. لە ماوەیەکی کورتدا خەڵکی کورد لە ڕۆژهەڵات دوو جار هەموو جیهانی تووشی سەرسووڕمان کردووە کە تەنانەت میدیاکانی فارسی زمانیشی هێناوەتە سەر خەت ئەوانیش شۆڕشی ژینا و نەورۆزی مەشخەڵانی ئازادییە. ڕووداوەکان خێرا ڕوو دەدەن و لەو سۆنگەیەوە پێویستە وەک کورد بە ئامادەگییەکی زیاترەوە بەرەوپیری ڕووداوەکان بچین.

نێوئاخنی ڕێوڕەسمەکە شێعر و پەخشانی پێوەندیدار بە ١٠ی خاکەلێوە و شەهیدان بوو کە لەلایەن بەڕێوەبەرانی بەرنامە بەڕێزان شیلان ساڵحی و عارف عەزیزییەوە پێشکەش کران.