کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێکی سیاسی بۆ کاک خالید عەزیزی لە لەندەن

13:20 - 14 رەشەمه 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی ڕەشەمە (٣ مارسی ٢٠٢٤)، سێمینارێکی سیاسی بۆ کاک خالید عەزیزی، وتەبێژی حیزبی دێموکرات، بە بەشداریی بەرچاوی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و لایەن و كەسایەتییە سیاسییەكان لە شاری لەندەن بەڕێوە چوو.

سێمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی‌ڕەقیب و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی کوردستان دەستی پێ کرد و لەلایەن كاوە مودەڕسییەوە بەخێرهاتنی میوانان و بەشداربووانی سێمینارەكە کرا.

کاک خالید عەزیزی باسێکی سیاسیی پێشكەش كرد و تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک خاڵی گرینگ کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە خەباتی سیاسیی حیزبەوە هەبوو.

بەڕێز عەزیزی بە وردی باسی لە ڕووداوە سیاسییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان و بارودۆخی سیاسیی حیزبی دێموکرات و ئەو گوشارە سیاسی و ئەمنیەتییانە کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر حیزبەکان و بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی هێناوە و وتی ئەم گوشارانە نیشانەی زیندوویەتیی خەباتی خەڵکی کوردستان و ڕۆڵ و کاریگەریی حیزبەکان لە نێوخۆی وڵاتە.

عەزیزی ھەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی حیزب لەگەڵ هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گرینگیی کۆدەنگیی سیاسی و نەتەوەیی لەو بەشەی کوردستانی ھێنایە بەر باس و ئاماژەی بە ھاوكاری و پەیوەندیی ھێزە سیاسییە ئێرانییەكان دا و تیشكی خستە سەر كۆی ئەو باسانەی كە شوێنی بەرچاویان لەسەر بەھێزبوونی خەبات دژی ڕێژیم هەیە و دەبێت.

هەر لەم پێوەندییەدا باسی لە پێویستیی هاوهەڵوێستیی حیزبە سیاسییەکان و بوونی چوارچێوەیەک بۆ کاری هاوبەش و لەهەمان کاتدا ئاستەنگەکانی بەردەم یەکڕیزی و یەکگرتوویی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان و هەروەها ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کرد.

عەزیزی لە بەشێكی دیكە قسەكانیدا پیرۆزبایی سەرکەوتنی ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی كرد كە لە حەماسەی ١١ی ڕەشەمەدا بە بایکۆتی بەناو هەڵبژاردنەکان پێداگرییان لەسەر خەباتی مافخوازانەیان کرد و لەرزۆکبوونی پایەکانی دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و بێ‌‌پێگەبوونی ئەم نیزامەیان بەتایبەت لە کوردستان دەرخستەوە.

 

لە کۆتاییدا بەشداربووان ڕا و تێبینی و سەرنجی خۆیان لەسەر قسەکانی کاک خالید دەربڕی كە لەلایان بەڕێز عەزیزییەوە وڵامیان درایەوە.