کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە

11:47 - 17 رەشەمه 2723

بە پێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شارەکانی مەریوان، موژەژ و کامێران بە ناوەکانی عەبدوڵڵا ڕەهنەوەرد، حوسێن ساعدمووچشی، حامد ئەمینی و ڕەشاد پەرویزی، لە کۆتاییەکانی مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵ لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراون و بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە شاری سنە ڕاگوێزراون.

چارەنووسی ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە تا ئێستا ناڕوونە و لە مافی هەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.

بە پێی ئاماری تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٥٤ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە پارێزگاکانی سنە، کرماشان و ورمێ، بە تۆمەتگەلی سیاسی و مەزهەبی دەسبەسەر کراون.

ڕێژیمی ئێران  لە دەیان ساڵی ڕابردوودا هەوڵی داوە بە شێوەیەکی دڕندانە مامەڵە لەگەڵ کەسانی دژبەری خۆی بکات و بە دەسبەسەرکردن و ڕەشبگیری و سەپاندنی سزای قورس و لەسێدارەدان دەیهەوێ ترس بخاتە نێو خەڵک و بەو شێوە کات بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆی بکڕێ.