کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

كۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی نۆروێژ بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە كۆڕیادێكی بەڕێوە برد

11:53 - 14 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی شەممە ١١ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ی هەتاوی، لەشاری سترۆمێن بە ئامادەبوونی بەشێكی بەرچاو لە ئەندامان، لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکرات و نوێنەرانی بەشێک لە هێز و لایەنە کوردستانییەکان، بۆ ڕێزگرتن و بەرزڕاگرتنی شەهیدانی ١٠ی خاکەلێوە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نۆڕوێژ، کۆڕیادێکی بە شێوەی پانێل، بۆ هەریەک لە بەرێزان محەممەد سلێمانی، پەری ڕەشیدیان، سمکۆ ئیسماعیل‌زادە و ئەحمەد پادگانی بەڕێوە برد.

کۆڕیادەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگەی ڕزگاری کوردستان دەستی پێ کرد. پاشان سیامەند حەسەن نژاد پێشکەشکاری کۆڕیادەکە، لەلایەن کۆمیتەی گشتیی حیزب لە نۆروێژ، بەخێرهاتنی ئامادەبووان و نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کرد.

لە بەشێکی دیکەی کۆڕیادەکەدا، لەلایەن هاوڕێیان ئەسعەد خزری، ئازاد نارەستی و نەمام زەرین فام، وەک یادگاری شەهیدان و بنەماڵەی شەهید، مۆمی ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی ١٠ی خاکەلێوە داگیرسا.

لە درێژەی کۆڕیادەکەدا، هاوڕێ مەلا عەلی ڕەپووشە، ئەندامی کۆمیتەی نۆڕوێژ، پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆڕوێژی پێشکەش کرد کە لە پەیامەکەدا، تیشک خرابوویە سەر دەستکەوتەکانی کۆماری کوردستان و ڕۆڵی پێشەوای نەمر قازی محەممەد وەک یەکەم سەرۆک کۆماری کوردستان.

دواتر هاوڕێ گوڵان هیجری بەڕێوەبەری پانێلەکان، وێڕای ئاماژەدان بە ژیان و تێکۆشانی پێشەوای نەمر قازی محەممەد، بانگهێشتی کۆڕگێرەکانی کرد و چەندین پرسیاری تایبەت بەو بۆنەی ئاڕاستە کردن.

لە هەرکام لە پانیلەکاندا پەری ڕەشیدیان، محەممەد سلێمانی، سمکۆ ئیسماعیل‌زادە و ئەحمەد پادگانی وەڵامی پرسیارەکانیان دایەوە و لە قسەکانانیدا لەسەر کەسایەتیی کارێزماتیک و ڕۆڵ و تایبەتمەندییەکانی پێشەوا قازی محەممەد و هەروەها ڕووداوەکانی سەردەمی کۆماری کوردستان و دەسکەوتەکانی کۆمار قسەیان کرد.