کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێک بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە لە سوید

12:35 - 14 خاکەلێوه 2724

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١١ی خاکەلێوە، سێمینارێک لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری کارڵستاد لە وڵاتی سوید بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، بەڕێوە چوو.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.

پاش بەخێرهێنانی میوانان لەلایەن جەزا شابازی پێشکەشکاری سێمینارەکە، ساڵح پاڵانی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە کارڵستاد وێڕای سپاس بۆ ئامادەبووان باسێکی کورت و گرینگی لە سەر ڕۆژی ١٠ی خاکەلێوە پێشکەش کرد.

پاشان مامۆستا ئاشق ئیسماعیلی شاعیر و وەرگێڕ و کادری لە مێژینە و ناسراوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە باسێکدا سەبارەت بە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، ئاماژەی بە گرینگیی ئەو ڕۆژە دا و هەروەها گرینگیی هەبوونی وەها ڕۆژێکی تایبەت و هۆکارەکانی دەست نیشانکردنی ئەو ڕۆژەی بۆ ئامادەبووانی کۆڕەکە باس کرد.

مامۆستا ئاشق لە درێژەی قسەکانیدا بە وردی ئاماژەیەکی بە سەردەمی کۆماری کوردستان و دەستکەوتەکانی ئەو کۆمارە کرد کە لە ماوەیەکی کەمدا توانی ڕەنگدانەوەیەکی گرینگی هەبێت و خزمەتێکی زۆر بە کۆمەڵانی خەڵک بکات.

لە کۆتایی سێمینارەکەدا هەر یەک لە بەڕێزان جەزا شابازی و مامۆستا ئاشق بە خوێندنەوەی چەند پارچە شێعرێکی تایبەت بە ١٠ی خاکەلێوە کۆڕەکەیان دەوڵمەندتر کرد، کە لەلایەن ئامادەبووانەوە پێشوازی لێ کرا.