ڕۆژی شەممە، ١٨ی خاکەلێوە(٦ی ئاوریلی ٢٠٢٤)، کۆمیتە ناوچەی بایەرن بە مەبەستی ڕێزگرتن لە فیداکاری و گیانبەختکردنی پێشەوای نەمر و ڕۆژی شەهیدانی کوردستان و هەروەها ڕێزگرتن لە خەبات و خۆڕاگریی کەمئەندامانی شۆڕشی ژینا، سێمینارێکی تایبەتی لەژێر ناوی "نیشتمان خەبات وقوربانیدانی ڕۆڵەکانی لەیاد ناکات" بەڕێوە برد و پیشانگایێکی وێنەی، تایبەت بە شەهیدانی مووشەکبارانی کەمپەکانی حیزب و شەهیدانی شۆڕشی ژینای کردەوە.
لە سەرەتادا پیشانگای تایبەت بە وێنەی شەهیدان لەلایەن مام سدیق عارفی پێشمەرگەی دێرین و کەمئەندامی حیزب و هاوسەری بەڕێزی خاتوو ڕابێعە فەتاحی ئەندامی حیزب، کرایەوە.
دواتر بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی نەتەوە و نیشتمان، سێمینارەکە دەستی پێ کرد.
ئەم سێمینارە لە دوو پانێلدا بەڕێوەچوو.
لە پانێلی یەکەمدا هەریەک لە بەڕێزان: ئاگری ئیسماعیل نژاد، ڕۆژنامەنوس بە بابەتێک لەژێر ناوی دامەزراوەییکردنی خەبات لە کۆماری کوردستان و خاتوو لەعلا کەیخوسرەوی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە ئاڵمان بە پێشکەشکردنی بابەتێک لەژێر ناوی پێشەوا هێمای لەخاچدراو- بەربەرەکانی هێماکان لەنێوان "ئێمە" و "ئەوی تری کورد وتەکانی خۆیان پێشەکەشی ئامادەبووان کرد.
لە پانێلی دووهەمدا بەڕێزان: زانیار توندڕەو بەشدار لە شۆڕشی ژینا و کەمئەندامی شۆڕشی ژینا بابەتێکی لەژێر ناوی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا، یەحیا سەرخانی بەشدار لە شۆڕشی ژینا لەسەر ڕۆڵی لاوان و ژنان لە شۆڕشی ژینا، عەدنان حوسەینی بەشدار لە شۆڕشی ژینا بابەتێکی لەژێر ناوی گرێدراویی خەباتی ئێستا و ڕابردووی نەتەوەی کورد و ئەمیر عەبدوڵڵازادە بەشدار لە شۆڕشی ژینا بابەتێکی لەژێر ناوی ڕۆڵی لاوان لە شۆڕشی ژینا، لەسەر شەقام و ناو زیندان پێشکەش کرد.
دواتر کاک حەسەن عەلی خەلیفە، ئەندامی حیزبی شیوعی کوردستان بە باسێکی کورت،
مام سدیق عارفی، پێشمەرگەی دێرین و کەمئەندامی حیزب بە چەند وتەیێک، کاک بێهروز مەولوودی لایەنگری حیزبی دێموکرات بە شێعرێک، یەعقووب مورادی، ئەندامی بەڕێوەبەری کۆمیتەی بایەرن بە باسێکی کورت و کاک نادر ئەڵایاری، ئەندامی حیزبی دێموکرات بە پارچە شێعرێک، بەشدارییان لە سێمینارەکەدا کرد.
نوێنەری هەریەک لەم حیزب و ڕێکخراوانەی دانیشتووی شاری نۆرنبێرگ لە سێمینارەکەدا بەشداربوون؛ یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان، پارتی دێموکراتی کوردستان، حیزبی شیوعیی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، پارتی سۆسیالیستی کوردستان – باکوور، پارتی ماف و ئازادیی کوردستان - باکوور، ناوەندی کولتووری کورد و ئاڵمان لە شاری نۆرنبێرگ و نوێنەرایەتیی ڕێکخراوی کۆمکاری لە شاری مونشن و شاری نۆرنبێرگ.